نیشانە سەرەكییەكانی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بریتین لە بەرزبونەوەی پلەی گەرمی لەش، نەمانی حەزی خواردن و هەستی تام و بۆنكردن و كۆكەی بەردەوام لەگەڵ هەناسە توندی، بەڵام چەند نیشانەیەكی تاڕادەیەك شاراوە هەیە، لەم ماوەیەدا لەسەر چەند كەسێك دەركەوتووە.
ڕۆژنامەی زە سەنی بەریتانی لە ڕاپۆرتێكیدا تیشكی خستۆتە سەر چوار نیشانەی شارەوە كە پەیوەندی بە نەخۆشی كۆڤید 19 هەیە، دوای دەركەوتنی لەسەر چەندین نەخۆش لەڕێی توێژینەوەیەكەوە بونیان سەلمێندراوە، بۆیە دەبێت لەكاتی دەركەوتنیان سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكرێت تەنانەت ئەگەر نیشانە سەرەكییەكانی كۆرۆناش دەرنەكەوتبن.
1- ئازاری سك: چەندین توشبوو بە كۆرۆنا ئاماژەیان بەوەكردووە پێش دەركەوتنی نیشانە سەرەكی و باوەكانی ڤایرۆسەكە ئازاری سكیان هەبووە.
توێژینەوەیەكی ئەمریكی باسی لەوە كردووە، ئەوانەی ئەو ئازارەیان بۆ دروست دەبێت زۆرینەیان كۆئەندامی هەرسیان كێشەی تەندروستی هەیە، هەروەها بەهۆی ڤایرۆسەكەشەوە توشی سكچوون دەبن.
بەپێی توێژینەوەكە كەلەسەر 204 نەخۆشی هەرێمی هۆبی چین ئەنجامدراوە دەركەوتووە، 48.5% یان بەهۆی ئازاری سك و كۆئەندامی هەرسیان چونەتە نەخۆشخانە و توشی سكچون و ڕشانەوە بوون، دواتر دەركەوتووە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان.
2- هەوكردنی چاو: كۆمەڵەی بەریتانی بۆ پزیشكی قوڕگ و لوت و گوێ ئاشكرای دەكات، هەوكردنی چاو یەكێكە لە نیشانەكانی توشبوون بە كۆرۆنا و لە چەند كەسێكدا بەدیكراوە، ئەمە جگە لەوەی چاو یەكێكە لە دەرچەكان بۆ چونە ژوورەوەی ڤایرۆسەكە بۆ ناو لەشی مرۆڤ.
3- ماندوێتی مێشك: یەكێكە لەو نیشانانەی كەسانێكی كەم هەستیان پێكردووە، بەڵام چەندین كەسی توشبوو پسپۆڕەكانیان ئاگادار كردۆتەوە كە وردبینیان كەمبۆتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی توشی سەر ئێشە و گیرانی لوت بوون.
4- ماندوێتی زۆر: بەشێكی ئەوانەی توشی نەخۆشی كۆڤید 19 بوون باسیان لەوە كردووە، پێش دەركەوتنی نیشانە سەرەكییەكان هەستیان بە ماندوێتییەكی زۆر و بەردەوام كردووە.
بەپێی ئەنجامی یەكێك لە توێژینەوە ئەمریكییەكان، 44% ئەوانەی بەهۆی كۆرۆناوە ڕەوانەی نەخۆشخانە كراون هەستیان بە ماندوێتییەكی زۆر كردووە بەجۆرێك توانایان نەبووە بەپێوە بوەستن.
6712 جار خوێندراوەتەوە