"لەکاتى توشبون بە کۆرۆنا زو سەردانى نەخۆشخانەبکەن بۆ ئەوەى قۆناغى چارەسەر ئاڵۆز نەبێت"

KNN : Kurdish News Network
12:27 - 02/11/2020
تەندروستی
+
-

بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى شەهید دکتۆر هێمن رایدەگەیەنێت؛ زۆربەى ئەو کەسانەى بەهۆى کۆرۆناوە مەترسى لەسەر ژیانیان دروست دەبێت، ئەوانەن تا نەخۆشیەکەیان لێ قورس نەبێت سەردانى نەخۆشخانە ناکەن.

دکتۆر. داهات حەوێزى  پسپۆڕى تایبەت بە روبەڕوبونەوەى کۆرۆنا و  بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى شەهید دکتۆر هێمن بە دیجیتاڵ میدیاى(KNN)ى راگەیاند: بەهۆى پابەند نەبون بە رێنمایی و خۆپارێزییەکانەوە، رۆژبەڕۆژ ژمارەى توشبوان زیاد دەکات.
دەشڵێت: ئەمڕۆ (94) توشبوى لە نەخۆشخانەکەمان لەژێر چارەسەریدان، کە سەرجەمیان ئۆکسجینیان لەسەرە، بەڵام یەک حاڵەتى مردن هەبوە.

باس لەوەشدەکات، سێ لە نەخۆشەکان تەمەنیان (45) ساڵە، بەڵام (80%) سیەکانیان توشى هەوکردن بون، ئەوەش بەهۆى ئەوەى تا نەخۆشیەکە لەسەریان قورس نەبوە نەهاتون بۆ نەخۆشخانە، کاتێکیش نەخۆشییەکە قورس دەبێت چارەسەرکردن ئاڵۆز و قورس دەبێت.

دکتۆر داهات، داواشدەکات، ئەو کەسانەى توشى نەخۆشى کۆرۆنا دەبن یان نیشانەیان هەیە بەزوترین کات سەردانى نەخۆشخانە بکەن بەمەبەستى پشکنین و وەرگرتنى چارەسەر، چونکە کاتێک نەخۆشییەکە قورس بو چارەسەر ئاڵۆز دەبێت وەرگرتنى پلازماش سودى نابێت و مەترسى لەسەر کەسەکە دروست دەبێت.

لەبارەى گرفتەکانی بەردەم نەخۆشخانەکانیشەوە بۆ وەرگرتنى توشبوى زیاتر، ئاماژەى بەوەکرد، تائێستا بەشى چاودێرى وردمان کەمە، بەرنامەمان هەیە لە نەخۆشخانەى هەناوى بەشى چاودێرى ورد بکەنەوە و هەروەها پێویستە نەخۆشخانە ئەهلییەکانیش ناچار بکرێن شان بدەن بۆ ئەو دۆخەو ئەوانیش یارمەتى کەرتى گشتى بدەن و بەشى چاودێرى ورد تەرخان بکەن بۆ وەرگرتنى نەخۆش تا فشارەکان لەسەر نەخۆشخانە گشتییەکان کەم ببنەوە.

 

سلێمانى/ بڕیار نامیق

1937 جار خوێندراوەتەوە