فەڕەنسا و ئەڵمانیا ڕێوشوێنی نوێ دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگرنەبەر

KNN : Kurdish News Network
09:20 - 29/10/2020
جیهان
+
-

هەریەک لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا، لە هەوڵەکانیاندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕێوشوێنی نوێیان ڕاگەیاند.

 

 ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا لە وتارێکدا ڕایگەیاند، سەرانسەری وڵاتەکە کەرەنتین دەکرێت و پێدەچێت تاوەکو 1 ی مانگی دوانزە بەردەوام بێت، بەڵام جیاواز لە کەرەتینەی پێشوو، خوێندنگاکان بە کراوەیی دەمێننەوە بەڵام چێشتخانە و باڕ و دوکانە ناپێویستەکان دادەخرێن.

 

 

گرتنەبەری ئەو رێکارانە لە کاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە فەڕەنسا لە ماوەی 24 کاتژمێردا 523 حاڵەتی گیان لەدەستدانی ڕاگەیاند، پزیشکانی وڵاتەکەش هۆشیاریاندا لەسەر ئەوەی یەکەکانی چاودێری ورد خەریکە دەگەنە ئەوپەڕی توانایانەوە.

 

 

لەلایەکی دیکەوە، ئەڵمانیا تاوتوێی گرتنەبەری ڕێوشوێنی نوێی توند دەکات، بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەو ڕێوشوێنانەش داخستنی باڕ و چێشتخانە و هۆڵەکانی وەرزش و ڕۆشنبیری دەگرێتەوە.

 

 

بەپێی ڕێکەوتنێکی نێوان ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ و فەرمانڕەواکانی هەرێمەکان، لە هەوڵێکدا بۆ دانانی سنوورێک بۆ زیادبوونی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە، ڕێوشوێنە نوێیەکان لە 4 ی مانگی یانزەوە دەست پێدەکەن.

 

 

ئەمە لەکاتێکدا لە ئێستادا ڤایرۆسەکە لە ئەوروپا لە شوێنەکانی دیکەی جیهان خێراتر بڵاودەبێتەوە، لە ماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوودا ئەوروپا 220 هەزار توشبووی نوێی تۆمارکرد، ئەمەش بەبەراورد لەگەڵ هەفتەی ڕابردوودا بە ڕێژەی لە سەدا 44 زیادیکردووە.

622 جار خوێندراوەتەوە