ڕۆژی جیهانیی وەرگێڕان

KNN : Kurdish News Network
08:54 - 30/09/2020
جیهان
+
-

وەرگێڕان، گەیاندن و گواستنەوەی واتای وشە و تێكستێك یاخود وتەیەكە بۆسەر زمانێكی دیكە یان گۆڕینی بۆ شێواز و دیالێكتێكی دیكە لەسەر زمانێكی دیاریكراو، ئەویش بە ڕەچاوی كردنی چەند بنەمایەك و نەگۆڕینی واتا و مەبەستی بابەتە سەرەكییەكە.

 

 
مەبەستی سەرەكی لە ئەنجامدانی وەرگێڕان، زیادكردن و كۆكردنەوەی زانیاری و گەیاندنێتی بە كەسانێكی زۆر، هەروەها دەوڵەمەندكردنی كتێبخانەكان و نزیكردنەوە و تێكەڵاوكردنی كلتوری نەتەوەكان و لابردنی بەربەستەكان.

 

ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 2017 ڕۆژێكی جیهانیی تایبەتی بە وەرگێڕان دیاریكردووە و ساڵانە لە 30 ئەیلولدا یادی دەكاتەوە، مەبەست لە دیاریكردنی ڕۆژەكە بەرزنرخاندنی كاری وەرگیڕەكانە، بەتایبەت ئەوانەی زمانی جیاواز ئەزانن، ئەوەش بەهۆی ئەو ڕۆڵەی لەڕێی وەرگێڕانەوە لە نزیكردنەوەی وڵاتاندا دەیگڕن.

 

بەپێی سەرچاوە مێژوویەكان وەرگێڕان مێژوویەكی دێرینی هەیە و لە شارستانیەتی وڵاتی ڕافیدەین و میسری كۆن؛ واتە چەند هەزار ساڵێك پێش زاین گرنگی پێدراوە، ڕۆژ دوای ڕۆژیش ئەم گرنگییە زیادی كردووە و تا گەیشتووە بەم قۆناغەی ئێستا.

 

وەرگێڕان چەند بنەمایەكی سەرەكی هەیە و ئەو كەسەی ئەنجامی دەدات دەبێت شارەزاییەكی تەواوی لە زمانی نوسینەكە و ئەو زمانەشدا هەبێت كە بۆی وەردەگێڕدرێت، بۆ ئەوەی مەبەست و پەیامەكان وەك خۆی بگەیەنێت و گۆڕانكاری لە واتاكاندا نەكات، هەروەها زۆر گرنگە كەسەكە زانیاری تەواوی لەسەر كلتوری نەتەوەی هەردوو زمانەكە هەبێت. 

 

ئەو كەسەی كاری وەرگێڕان ئەنجام دەدات بە وەرگێڕ ناودەبرێت و پێویستە بەرپرسیارێتی تەواوی ئەو كارە لەئەستۆ بگرێت و هەوڵبدات بە باشترین شێوە كارەكەی ئەنجام بدات، چونكە ئەو دەبێتە پردی پەیوەندی نێوان هەردوو زمانە جیاوازەكە.

 

وەرگێڕ پێویستە وەرگێڕانەكەی لەو بوارەدابێت كە پسپۆڕی تێدا هەیە، بەجۆرێك وەرگێڕان لەبواری پزیشكیدا پێویستە پسپۆڕێكی ئەو بوارە ئەنجامی بدات و، بۆ بوارەكانی دیكەش بەهەمان شێوەیە.

 

لەهەرێمی كوردستان وەك پێویست نەتوانراوە گرنگی بە وەرگێڕان بدرێت و كەمن ئەو بابەتانەی بەشێوەیەكی پوخت و زانستی خراونەتە سەر زمانی كوردی یان لە كوردییە كروان بە زمانەكانی دیكە، بۆیە پێویستە گرنگییەكی زیاتر بەم بابەتە بدرێت، بۆ ئەوەی كتێبخانەی كوردی زیاتر دەڵەمەند بكرێت، ئەمە جگە لە گرنگیدان بە خوێندن لە بەشی وەرگێڕان كە لە چەند زانكۆیەك كراوەتەوە تا بتوانرێت وەرگێڕی شارەزا و زانستی بەرهەم بهێنن و پێشكەوتنی زیاتر لەو بوارەدا بهێننە دی.

891 جار خوێندراوەتەوە