ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق دۆسیەى دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکا هەڵدەداتەوە

12:53 - 29/09/2020
عێراق

هاوکات لەگەڵ قوڵبونەوەى گرژی و ئاڵۆزیەکانى عێراقدا؛ چەند لایەنێکى سیاسى کار بۆ ئەوە دەکەن دۆسیەى دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکا هەڵبدەنەوە.

 

بەدر زیادى، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق رایگەیاند، ئەو هێزە سیاسیانەى عێراق کە دژى مانەوەى هێزە بیانیەکانن، بە نیازن جارێکى تر دۆسیەى دەرکردنى ئەو هێزانە بهێننەوە ناو ئەنجومەنى نوێنەران، لەو چوارچێوەیەشدا دەیانەوێت میواندارى چەند بەرپرسێکى باڵاى حکومى بکەن.

 

ئەوە لەکاتێکدایە لە سەرەتاى ئەمساڵدا و دواى دوو رۆژ لە کوژرانى قاسم سولەیمانى و ئەبو مەهدى موهەندیس، ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە دانیشتنێکدا کە کورد و سوننە بایکۆتیان کردبوو، بڕیارى دەرکردنى هێزە بیانییەکانى پەسەند کرد.

 

ئەو ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق راشیگەیاند، بڕیارى دەرکردنى هێزە بیانیەکان بەگشتى و هێزەکانى ئەمەریکا بە تایبەتى، پێویستەجێبەجێ بکرێت و هەموو لایەنەکان پێوەى پابەندبن.  

1053 جار خوێندراوەتەوە