پەیامێکى هەڕەشە ئامێز شیعەکان لە دوژمنەوە دەکاتە هاوسۆزى ئەمەریکا

KNN : Kurdish News Network
08:48 - 28/09/2020
عێراق
+
-

شیکارى: (KNNC)

لەچەند رۆژى رابردودا گۆڕانکارى خێرا و چاوەڕواننەکراو لە هەڵوێستى سەرکردە شیعەکانى عێراقدا لە بەرامبەر ئەمەریکا روویدا، ئەوگۆڕانکاریە بۆ شەقامى عێراق جۆرێک لەسەرسوڕمانى تێدابوو، چونکە بە درێژایى (17) ساڵى رابردوو؛ شیعەکان هێندە بەرامبەر ئەمریکا نەرمیان نەنواندوە.

پرسى هێرش و پەلامارەکانى سەر باڵێۆزخانە و بنکە سەربازییەکانى ئەمەریکا  لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە کە لە دواى کوژرانى قاسم سولەیمانى و ئەبو مەهدى موهەندیس دەستى پێکردوە، بو بە خاڵى وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانى نێوان ئەمەریکا و شیعەکانى عێراق کە سەرجەمیان لەژێر هەژمونى ئێراندان، هەرچەندە گۆڕانکارى لە هەڵویستى سیاسیەکانى سەربە پێکهاتەى شیعە گۆڕانکاریەکى شکڵیە و لەژێر کاریگەرى مەترسیەکانى ئەمەریکادایە بۆ سەر بەرژوەندیەکانیان.

 

موقتەدا سەدر 

هەروەک چۆن لە دژایەتى کردن و روبەڕوبونەوەى ئەمەریکادا، پێشەنگى سەرکردە شیعەکان بوو، موقتەدا سەدر لە دەربرینى هاوسۆزى ناڕاستەوخۆشدا بۆ ئەمەریکیەکان ئەو ریزبەندیەى لەدەست نەدا.

رۆژى (25)ى ئەم مانگە، سەدر لە تویتێکدا داواى کرد، لیژنەیەكی ئەمنی و سەربازی و پەرلەمانی؛ بۆ لێكۆڵینەوە لە پێشێلكارییە ئەمنییەكان و هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتان و دامەزراوە دەوڵەتییەكانی عێراق پێكبهێنرێت.

بە دواى سەدردا سەرکردە و هێزە شیعیەکانى دیکە و تەنانەت حەشدى شەعبیش هەمان هەنگاویان هەڵگرت، هادى عامرى کە بەلاى عێراقیەکانەوە نزیکترین سەرکردەى شیعەى نزیک لە ئێرانە، بەتوندى ئیدانەى هەر هێرش و پەلامارێکى کرد کە بکرێتەسەر باڵێۆزخانەکان و نوێنەرایەتى وڵاتان.

حەشدى شەعبى

حەشدى شەعبیش کە لەپرسى هێرشەکانى ئەم دواییەى سەر باڵیۆزخانەى ئەمریکا زۆرترین پەنجەى تۆمەتى ئاراستە دەکرێت، بێبەرى بوونى خۆى لەو هێرشانە راگەیاند کە دەکرێنەسەر بەرژەوەندى بیانیەکان.

 نهێنى ئەوگۆرانکاریە خێرایەى کە بەسەر هەڵویسستى شیعەکاندا هات لەبەرامبەر ئەمریکا، پەیامێکى ئەمەریکا بووە کە لەهەفتەى رابردودا لەڕێى مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانى عێراقەوە گەیەنرایە تەواوى هێز و لایەنە شیعەکان.

سەرچاوەیەکى نزیک لە مستەفا کازمى بە کەناڵى ئەلحورەى راگەیاندوە، لەوپەیامەدا ئەمەریکا هەڕەشەى لەلایەنە شیعەکان کردوە رایگەیاندوە، بێدەنگ بوون لەبەرامبەر ئەو هێرشانەى دەکرێتەسەر باڵیۆزخانەکەى، بەلاى واشنتۆنەوە وەک پشتیوانى کردن لەو هێرشانە  لێکدەدرێتەوە و سزاکەشى قورس دەبێت.

 

ترسى شیعەکان 

ترسى شیعەکان لەو پەیامە توندەى ئەمەریکا تەنها لەچوارچێوەى هەڵویستدا نەمایەوە، بەڵکو بەپراکتیکیش هەنگاوەکانیان بۆ خۆبە دوورگرتن لە توڕەیى واشنتۆن و نیشاندانى نیازپاکى دەستپێکرد.

لەو چوارچێوەیشدا رۆژى پێنج شەممەى رابردوو، فالح فەیاز سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبى بە فەرمى دوو فەرماندەى دیارى ئەو هێزەى دوورخستەوە کە بریتى بوون لە حامید جەزائیرى و وەعد قەدۆ کە ئەمەى دووەمیان لە لیستى تیرۆرى ئەمەریکادایە.

 

هەژمونى ئێران

ئەم هەڵوێستەى شیعەکان کە زۆربەیان لەژێر هەژمونى ئێراندان، رەنگە بۆ شەقامى عێراقى جێگەى سەرسوڕمان بێت، لەهەمان کاتدا بە دووریش دەزانرێت بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕاى تاران ئەو هەنگاوەیان نابێت.

لەوبارەیەوە، رەعد هاشم چاودێرى سیاسى عێراقى رایگەیاند، ناکرێت هێزە شیعەکان بەبێ ئێران هەنگاوى لەو جۆرە هەڵبگرن، لەهەمانکاتدا پێدەچێت ئێرانیش ئامانجى خۆى هەبێت و بیەوێت لەو رێگایەوە ئاستى گرژیەکانى لەگەڵ ئەمریکا کەمبکاتەوە و رێگە بۆ کەمکردنەوەى کاریگەریەکانى ئەو سزایانە خۆشبکات کە خراونەتە سەرى.

گۆڕانکارى لە هەڵوێستى شیعەکان ئاماژەى سەرکەوتنى بەشى یەکەمى پەیامە هەڕەشە ئامێزەکەى ئەمەریکایە کە لەڕێى کازمیەوە پێیاندرا، بەڵام لەحاڵەتى بەردەوامبونى هێرش و پەلامارەکاندا بەدوور نازانریت ئەمەریکا هەڕەشەى بەکارهێنانى چەکێکى مەترسیدارتر بکات کە داخستنى باڵیۆزخانەکەیەتى لە بەغدا.


1037 جار خوێندراوەتەوە