بازنەکانی هەڵبژاردن شیعە یەک دەخات و کورد و سوننەش پەرتەوازە

09:02 - 27/09/2020
عێراق

چەند مانگێکە پرسی بازنەکانی هەڵبژاردن و چۆنیەتی دابەشکردنی کورسیەکانی پەرلەمان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا خاڵی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکانی عێراقە، بەڵام ئاماژەکان بۆئەوەدەچن کە لایەنە ناکۆکەکان لەسەر بازنەی مامناوەندی ڕێکبکەون.

 

 
هەرچەندە لە رۆژەکانی کۆتایی ساڵی رابروودا ئەنجومەنی نوێنەران یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی پەسەند کرد، بەڵام رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسیەکان لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی ژمارەی بازنەکانی هەڵبژاردن و دابەشکردنی کورسیەکان بەسەر بازنەکاندا، پڕۆژە یاساکەی بەهەڵپەسێردراوی هێشتوەتەوە.

 

(9) مانگ گفتوگۆکردن

 گفتوگۆی نۆ مانگی رابردووی نێوان لایەنە سیاسیەکان لە بارەی بازنەکانی هەڵبژاردن، چەند پێشنیارێکی لێکەوتوەتەوە، ئەوانیش بریتین لە یەک بازنەیی و فرە بازنەیی و بازنەی مامناوەندی.

 

پێشنیارى بەهێز و ئەگەرەکان

بەڵام بەهێزترین پێشنیار کە ئەگەری ئەوە هەیە جێگیر بکرێت و لەلایەن زۆریەی لایەنە سیاسیەکانیشەوە قبوڵکراوە، بازنەی مامناوەندیە.

بەپێی زانیاریەکان لەحاڵەتی پشت بەستن بە بازنەی مامناوەندی لە هەڵبژاردندا، هەر بازنەیەک لە نێوان (3 بۆ 5) یاخود (3 بۆ 7) کورسی پێکدێت.

قوسەی یاسری، کە ئەندامی هاوپەیمانی سائیرونە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ جەختکردنەوە لەوەی کە تەواوی لایەنە سیاسیەکانی سەر بە پێکهاتەی شیعە یەک بازنەیی و فرەبازنەیی رەتدەکەنەوە، رایگەیاند؛ شیعەکان بازنەی مامناوەندیان قبوڵە، بەجۆرێک هەر بازنەیەک سێ بۆ پێنج کورسی بێت، یاخود پێنج- حەوت کورسی بێت.

ئەوەی کە زیاتر جێگیربوونی بازنەی مامناوەندی کردوەتە ئەگەرێکی بەهێز، ڕێککەوتنی سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق و لایەنە سیاسیەکانە لەسەر ئەو پرسە.


بازنەکانى هەڵبژاردن و پارێزگاکان

بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبونەوەی نێوان سەرۆکایەتیەکان و نوێنەری هێزە سیاسیەکان کە رۆژی (٢١)ی ئەم مانگە بەرێوەچوو، تێیدا رێککەوتن کراوە لەسەر ئەوەی کە لە هەڵبژادنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەراندا پشت بە بازنەی مامناوەندی ببەسترێت، بەشێوەیەک پارێزگا گەورەکان دابەش بکرێت بۆ شەش بازنەی هەڵبژاردن، بەشێک لە پارێزگاکانیش دابەش بکرێت بۆ سێ یان چوار بازنەی هەڵبژاردن و پارێزگا بچوکەکانیش بکرێنە دووبازنە.

 

کورد یەک دەنگ نییە

 

وەک زۆربەی پرسەکانی دیکە لەم پرسەشدا کورد یەک دەنگ نیە، هەرچی پارتی و یەکێتیە بونەتە هاوپەیمانی شیعەکان و ئەو گروپەی سوننەکان کە لەلایەن محەمەد حەلبوسیەوە سەرۆکایەتی دەکرێن، پشتیوانی بازنەی مامناوەندی دەکەن، بەڵام لایەنە کوردیەکانى دیکە لەگەڵ ئەوەدان هەر پارێزگایەک یەک یاخود دووبازنەی هەڵبژاردن بێت.

لەم دۆسێیەشدا؛ پارتی و یەکێتی لەبری گەڕانەوە بۆ کۆدەنگی لایەنە کوردیەکان، بژاردەیەکی تریان بۆ گەیشتن بە خواستە سیاسیەکەیان هەڵبژاردوە.

 

جەمال کۆچەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسینی یەکگرتوی ئیسلامی رایگەیاند، لەسەر دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن هێزە کوردییەکان کۆدەنگ نین، پێشتر پارتی و یەکێتی بەجیا چون و رێککەوتنیان لەگەڵ لایەنەکانی تر کردوە.

ئەنجومەنی نوێنەرانى عێراق مەحکومە بەوەی دواجار پرسی بازنەی هەڵبژاردنەکان یەکلایی بکاتەوە، بەڵام ئەوە کۆتایی رێگاکە نیە و پرۆسەکە ئاستەنگی گەورەی دەکەوێتە بەردەم، نەبونی داتای وورد و ڕاستەقینە سەبارەت بە ژمارەی دانیشتوان و یەکە کارگێریەکان، دیارترین ئاستەنگی بەردەم چۆنیەتی دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردنە بەسەر هەر پارێزگایەکدا.



561 جار خوێندراوەتەوە