گەنجێكی بەریتانی بەهۆی كێشانی جگەرەی ئەلیكترۆنییەوە بۆ ماوەی چەند مانگێك ژیانی دەكەوێتە مەترسییەوە و ڕوبەڕوی مەرگ دەبێتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە زۆر كەس وادەزانن ئەو جگەرەیە زیانەكانی لە جگەرەی ئاسایی كەمترە.
بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی دەیلی میرەری بەریتانی، گەنجێك بەناوی ئیوان فیشەر كە لەئێستادا تەمەنی 19 ساڵە، كاتێك تەمەنی 16 ساڵبووە پێویستی بە چاندنی سی كەسێكی دیكە هەبووە بۆ ڕزگاركردنی ژیانی، ئەمە لەكاتێكدایە تەنها شەش مانگ جگەرەی ئەلیكترۆنی كێشاوە.
فیشەر بۆ چەند هەفتەیەك لە بەشی چاودێری وردی نەخۆشخانە ماوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی شەوێك پێش ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكان سییەكانی توشی كێشە بوون، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە بۆیان دەركەوتووە ئەو ئەندامەی لەكاركەوتووە و ناتوانێت ئەركەكانی بەجێبگەیەنێت.
دوای ئەنجامدانی پشكنینەكان پسپۆڕان بۆیان دەركەوتووە جگەرەكێشانی ئەلیكترۆنی هۆكاری توشبونی ئەو گەنجەبووە بەو كێشە تەندروستیانە، چونكە ئەو یاریزانی بۆكسێن بووە و بۆ وازهێنان لە جگەرەكێشانی ئاسایی پەنای بۆ جگەرەی ئەلیكترۆنی بردووە، تاوەكو توانا جەستەییەكانی بەهێزتر بكات.
ئیوان فیشەر دەڵێت "پێیان وتم من لەماوەیەكی كەمدا بەتەواوی چاكدەبمەوە، دواتر وتیان دووساڵَ كاتی دەوێت، ئەوە نزیكەی چوار ساڵ تێپەڕیوە من هێشتا گرفتم هەیە، توانای سییەكانم 60% تێپەڕ ناكات".
ئەو گەنجە باسی لەوەش كردووە پێشتر تەندروستی باشبووە، هەموو شەوێك وەرزشی ڕاكردنی ئەنجامداوە، بەڵام ئێستا ناتوانێت هیچ بكات، كاتێك كەشوهەوا گەرم دەبێت سییەكانی زۆر ماندووی دەكەن و بەردەوام پێویستی بە بەركاهێنانی دەرمانی چالاككەرەوە هەیە، ئەوانەش تەواوی ژیانی گۆڕیون.
فیشەر ئاماژەی بەوەش كردووە، ئێستا توانای وەك كەسێكی تەمەن 65 ساڵە، چونكە لە نەخۆشخانە پێیان وتووە كە سییەكانی كەسێكی تەمەن 80 ساڵی جگەرەكێشیان بۆ چاندووە.
هەرچەندە یاساكانی بەریتانیا بەتوندی ڕێگرن لە فرۆشتنی جگەرە بە كەسانی هەرزەكار، بەڵام ئەو گەنجە ئاشكرای كردووە كە ساڵی 2017 زۆر بە ئاسانی جگەرەی ئاسایی و ئەلیكترۆنی دەستكەوتووە و كڕیوێتی، هەر لەو ساڵەشدا دۆخی تێكچووە و كێشەی هەناسەدانی بۆ دروستبووە.
1190 جار خوێندراوەتەوە