ئەمەریکا؛ ڤاکسینى کۆرۆنا بەرلە کۆتایى هاتنى ئەم ساڵ ئامادە دەبێت

02:21 - 22/09/2020
تەندروستی

بەرپرسى تیمى پەرەپێدانى ڤاکسینى کۆرۆنا لە ئەمەریکا، وادەى  بەرهەم هێنانى ڤاکسینەکە ئاشکرا دەکات کە لە کۆتا مانگەکانى ئەمساڵدا بەرهەمدەهێنرێت.

مونیسیف سلاوى، سەرۆکى  ئەو تیمەى کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپى سەرۆکى ئەمەریکاوە راسپێردراوە بۆ بەرهەمهێنانى ڤاکسینى دژى  ڤایرۆسى کۆرۆنا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵى سکاى نیوز ڕایگەیاند: ڤاکسینەکە بەرلە کۆتایى هاتنى ئەم ساڵ ئامادە دەبێت.

سلاوى کە زاناى بوارى دەرمانسازى وسیستمى بەرگریە وتیشى: ڤاکسینەکە ئامادەدەبێت دواى ئەوەى قۆناغى سێیەمى تاقیکردنەوەکان تێدەپەڕێنێت و لەسەر هەزاران کەس تاقى دەکرێتەوە.

مونسیف سلاوى، باسى لەوەشکرد: هەرچەندە قۆناغى سێیەمى تاقیکردنەوەى ڤاکسینەکە پێویستى بە ماوەیەکى زۆر هەیە، بەڵام بە بۆچونى من لە نێوان مانگى ئۆکتۆبەر بۆمانگى دیسەمبەرى ئەمساڵ ڤاکسینەکە ئامادەدەبێت.

ئەوە لەکاتێکدایە هەفتەى رابردوو دۆناڵد ترەمپ ى سەرۆکى ئەموریکا وتبوى لەماوەى چوارهەفتەدا ڤاکسینى دژى ڤایرۆسى کۆرۆنا ئامادە دەبێت.

500 جار خوێندراوەتەوە