دەقی ئەو داواکارییانەی پارێزگاری سلێمانی رادەستی کازمی کرد

01:47 - 11/09/2020
کوردستان

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، ژمارەیەک داواکارییان وەک ئیدارەی خۆجێی پارێزگاکە، رادەستی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە.

 

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بڵاویکردۆتەوە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەکاتی کۆبونەوەیان لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، ژمارەیەک داواکاری ئیدارەی خۆجێی پارێزگاکەی رادەستی مستەفا کازمی کردووە.

 

لە داواکارییەکانی پارێزگاری سلێمانی بۆ حکومەتی فیدراڵ، دابینکردن و خەرجکردنی موچەی فەرمانبەران، تەرخانکردن و خەرجکردنی بودجەی پترۆدۆلار بۆ پارێزگاکە، هەروەها تەرخانکردنی بڕی پێویست لە هەموو بەرهەمە نەوتییەکان بەتایبەت نەوتی سپی بۆ پارێزگاکانی هەرێم، هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق.

 

هاوکات، پارێزگاری سلێمانی داوایکردووە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی (300) قەرەوێڵەیی تایبەت بە نەخۆشییە گواستراوەکان و بەتایبەت کۆرۆنا؛ پێش هاتنی وەرزی زستان دروست بکرێت.

 

7774 جار خوێندراوەتەوە