عێراق و سعودیە دەروازەی سنوریی نێوانیان بەڕوىوی بازرگانییدا دەکەنەوە

KNN : Kurdish News Network
10:18 - 09/09/2020
عێراق
+
-

عێراق و سعودیە ئامادەیی دەردەبڕن بۆ کردنەوەی دەروازەی سنوریی نێوانیان بەروی بازرگانییدا، ئەوەش لە رێگەى دەروازەى سنورى (عەرعەر)ەوە کە تاکە دەروازەی سنورییە عێراق بە وڵاتانی کەنداوه‌وه‌ دەبەستێتەوە.

عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق و عەبدولعەزیز شمەری، باڵیۆزی سعودیە لە عێراق تاوتوێی ئامادەکارییەکانی کردنەوەی دەروازە سنورییەکانی نێوان هەردو وڵاتیان بەروی ئاڵوگۆڕی بارزگانییدا کرد.

دەروازەی سنوریی عەرعەر تاکە دەروازەی سنوریی نێوان هەردو وڵاتە کە لەچەند ساڵی رابردودا تەنها بۆ هاتن و چونی حاجیانی ماڵی خودا تایبەت کرابو و لەو دەروازەیە رێگە بە گواستنەوەی کەلوپەل و هاتوچۆ‌ی گەشتیاران نەدەدرا.

سعودیە و عێراق مانگی تەموزی رابردو رێککەوتن لەسەر کردنەوەی دەروازەکە بەروی ئاڵوگۆڕی بازرگانییدا.

دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق دوای کۆبونەوەی وائیلی و شمەری راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە میانی کۆبونەوەکەدا تاوتوێی رێکار و ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی دەروازەکە بەروی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەردو وڵاتدا، كراوه‌.

بەپێی راگەیەنراوەکە، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق رایگەیاندوە "کردنەوەی دەروازەکە بەروی ئاڵوگۆڕی بازرگانییدا لە چەند رۆژی داهاتودا سودی ئابوریی بۆ هەردو وڵات دەبێت و هەنگاوی خێرای بەدوادا دێت بەمەبەستی ئەنجامدانی حەج و عومرە".

لای خۆیەوە باڵیۆزی سعودیە لە بەغدا ئاشكرایكردوه‌، وڵاتەکەی خواستی فراوان کردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کردنەوەی دەروازەی دیکەی لەگەڵ عێراق هەیە و ئەم پرسە لەلایەن سەرکردایەتی سعودیە لەژێر تاوتوێکردندایە.

سعودیە مانگی کانونی یەکەمی (2015) باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا کردەوە، دوای ئەوەی بەهۆی داگیرکردنی کوێت لە ساڵی (1990) باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا داخستبو.

دەروازەی سنوری عەرعەر تاکە دەروازەی سنورییە کە عێراق بە وڵاتانی کەنداوه‌وه‌ دەبەستێتەوە.

509 جار خوێندراوەتەوە