لەڕووداوێكدا كە باوەڕپێكردنی ئەستەمە، لە تایوان منداڵێكی تەمەن سێ ساڵ ڕەشەبا دەیبات، گرتەی ڕووداوەكەش لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكاندا بڵاودەبێتەوە و بینەرێكی زۆری دەبێت.
ئەو حاڵەتە لە فیستیڤاڵی كۆلارەكان لە كەناراوەكانی شاری نانیلیۆی تایوان ڕوویداوە، پاشكۆی كۆلارەیەك لە منداڵە بچوكەكە گیردەبێت، دواتر ڕەشەباكە لەگەڵ خۆیدا هەڵیدەگرێت و بۆ چەند چركەیەك بە ئاسمانەوە دەمێنێتەوە.
ئەوانەی ڤیدیۆكەیان بینیوە ئاماژەیان بەوە كردووە ئەگەر ئەو گرتەیە بڵاونەكرایەتەوە كەس بە گێڕانەوە باوەڕی بە ڕووداوەكە نەدەكرد، چونكە منداڵەكە لەو چەند چركەیەدا باكە دەیهێنێت و دەیبات، ئامادەبوانیش بۆ ڕزگاركردنی هاوار دەكەن.
بە ڤیدیۆكەدا دەردەكەوێت منداڵەكە 10 مەتر بەرزدەبێتەوە، دواتر هەڵدەگەڕێتەوە و ئەگەر ئامادەبوان باوەشیان بۆ نەكردایتەوە دەكەوتە خوارەوە، دوای گرتنەوە منداڵەكەش یەكێك لە ئامادەبووەكان كلكی كۆرلارەكە دەگرێت بۆ ئەوەی جارێكی دیكە منداڵەكە بەرزنەكاتەوە.
دوای ئەو ڕووداوەكە فیستیڤاڵەكە ڕادەگیرێت و پۆلیس لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكدەهێنێت، دواتر دەردەكەوێت كاتێك منداڵەكە لەگەڵ خێزانەكەیدا سەیری فیستیڤاڵەكەی كردووە، كۆلارەكە لە قژی منداڵەكە گیربووە و بەهۆیەوە لەگەڵ خۆیدا هەڵیگرتووە.
6704 جار خوێندراوەتەوە