ئەنجومەنی
وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی باڵای دانیشتووانی عێراقی
ڕەتکردەوە کە ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی بە (12.68٪) دیاریکردووە، هاوکات
داواکارییەکی توندی ئاراستەی بەغدا کرد کە دەبێت لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ـدا
پرسی مووچە لە ناکۆکییە نەوتی و داراییەکان جیابکرێتەوە و یاری بە پشکی هەرێم
نەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە (16ـی ئەیلوولی 2026)، بە
سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد
تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو.
لە تەوەرێکی سەرەکیدا، ئەنجومەنەکە بڕیارەکەی حکومەتی فیدڕاڵیی سەبارەت بە
کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی بۆ (12.68٪) ڕەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە
کە بەپێی ئەنجامی فەرمیی سەرژمێریی ساڵی 2024، ڕێژەکە (14.14٪)ـە.
بۆ ئەم
مەبەستەش، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد تاوەکو سەرجەم ڕێکارە دەستووری و
یاساییەکان بگرنەبەر، چونکە ئەم کەمکردنەوەیە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پشکی
بودجە و نوێنەرایەتیی سیاسیی کورد لە بەغدا دەبێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، شاندی
دانوستانکاری هەرێم زانیارییەکانی لەسەر ڕەشنووسی بودجەی 2027 خستەڕوو. ئەنجومەنی
وەزیران ئاماژەی بەوە کرد کە بەکارهێنانی پێوەری "خەرجکردنی ڕاستەقینە"
و زیادکردنی خەرجییە سیادییەکان، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر پشکی هەرێم هەبووە.
حکومەتی هەرێم هۆشداریدا کە پێویستە مافی مووچەخۆران لەسەر بنەمای یەکسانی و هاوشێوەی
عێراق خەرج بکرێت و ناکۆکییە سیاسییەکان نەبنە هۆی پەکخستنی مووچە، ئەمەش وەک
جێبەجێکردنێک بۆ بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لە شوباتی 2024. هاوکات داوا لە
فراکسیۆنە کوردستانییەکان کرا، بەبێ جیاوازی سیاسی، یەکدەنگ بن بۆ پاراستنی شایستە
داراییەکانی هەرێم.
سەبارەت بە کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا،
ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی (2026-2027) تاوتوێ کران و
بڕیاردرا پڕۆسەکە لە کاتی خۆیدا دەستپێبکات. هەروەها بڕیاردرا هەرێمی کوردستان
بەشداری لە بەرنامەی نێودەوڵەتیی هەڵسەنگاندنی قوتابیان (PISA) بکات، بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی ئاستی
زانستی و بەرزکردنەوەی کوالێتیی پەروەردە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران بە
ڕێزەوە یادی شەهیدانی کۆمەڵکوژیی گوندی "سۆریا"ـی لە سنووری زاخۆ
کردەوە، کە لە ساڵی 1969ـدا لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە ژمارەیەک لە
هاووڵاتییانی مەسیحی و موسڵمانی گوندەکە کۆمەڵکوژ کران.
180 جار خوێندراوەتەوە