لیۆن و بایرن یەکێکیان بۆ کۆتایى چامپیۆنس لیگ

KNN : Kurdish News Network
03:34 - 19/08/2020
وەرزش
+
-

یانەى لیۆنى فەرەنسى و بایرن میونخى ئەڵمانى یارى پێش کۆتای چامپیۆنس لیگ دەکەن و براوەى یارییەکە دەگات بە یارى کۆتایی و روبەڕوى پاریس سانجێرمان دەبێتەوە.

ئەمشەو کاتژمێر (10:00) بەکاتى هەرێمى کوردستان، هەردو یانەى بایرن میونخ و ئۆڵمپیک لیۆن یارى پێش کۆتای چامپیۆنس لیگ ئەنجام دەدەن و براوەیان دەچێتە یارى کۆتایى.

یانەى لیۆن کە بەشێوەیەکى چاوەڕواننەکراو بەسەر کوڕانى گواردیۆلادا سەرکەوت خۆى گەیاندە ئەم قۆناغە بە ورەیەکى بەرزەوە روبەڕوى تیپەکەى هەرێمى باڤاریا دەبێتەوە، بەڵام یاریزانانى میونشن دواى ئەوەى بە هەشت گۆڵ لاشەى بەرشەلۆنەیان ناردەوە بۆ هەرێمى کەتەلۆنیا بەو پەڕى ورەبەرزى و ئەزمونەوە روبەڕوى لیۆن دەبنەوە و هەمو پێشبینییەکانیش بەو ئاراستەیەن کە لیڤا و مۆلەر و کوڕانى باڤاریا لیۆن بێبەشدەکەن لە یارى کۆتایى.

هەردو یانەى لیۆن و بایرن تائێستا هەشت جار لە یانە پاڵەوانەکان روبەڕوى یەکترى بونەتەوە، یانەى بایرن چوار جار سەرکەوتنى بەدەستهێناوە و لیۆنیش دو جار و دوجاریش یەکسان بون.

شەوى رابردوش بە بردنەوەى لە یانەى لایپزیگ، پاریس سانجێرمانى فەرەنسى بۆ یەکەمجار لە مێژویدا خۆى گەیاندە یارى کۆتایى یانە پاڵەوانەکانى ئەوروپا و چاوەڕێى براوەى لیۆن و بایرن دەکات، تا شەوى (23)ى ئەم مانگە لە یارى کۆتایى روبەڕوى ببێتەوە.

666 جار خوێندراوەتەوە