كۆمپانیایەكی ئەمریكی جۆرێكی نوێی ئۆتۆمبیلی تایبەت و سەرسەڕهێنەر دروست دەكات كە بە هایدرۆجین كاردەكات و سەدان كیلۆمەتر دەبڕێت بێ ئەوەی سوتەمەنییەكەی تەواوبێت.
بەپێی هەواڵێكی ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی ئۆتۆمبیلەكە ناوی (XP-1) و لەلایەن كۆمپانیا (Hyperion) دروست دەكرێت، دەتوانێت لەماوەی 2.2 چركەدا خێراییەكەی لە سفرەوە بگاتە 100، دەشتوانێت لە كاتژمێرێكدا 350 كیلۆمەتر ببرێت.
كۆمپانیاكە باسی لەوە كردووە ئۆتۆمبیلەكە تەنها هەڵمی ئاوی لێدێتە دەرەوە، بەڵام جیاكردنەوەی هایدرۆجین لە ئۆكسجینەكە كارێكی ئاسان نییە و پێوستی بە ماددەكانی وەك خەڵوز و گازی سروشتی هەیە.
بڕیارە تا ساڵی 2022 كۆمپانیای (XP-1) 300 دانەی لێدروست بكات، بەوەش دەچنە خانەی ئەو ئۆتۆمبلانەی لە بازاڕدا بە هایدرۆجین كاردەكەن وەك (Honda Clarity ,Toyota Mirai ,Hyundai Nexo).
ئۆتۆمبیلەكە بە نوێترین تەكنەلۆژیا دروست دەكرێت و چەندین تایبەتبەندی نوێی سەردەمی تێدایە، لەوانە سەرچاوەی دینامیكی هەوایی كە لە پشتی دەرگاكانییەوەیەتی ئەوەش یارمەتی دەدات بۆ ئەوەی بەخێراییەكی زیاتر بڕوات، ئەو پارچانەش كە تایبەتە بە وزەی خۆر و لەسەر ڕووی دەرەوەی ئۆتۆمبیلەكە هەیە، یارمەتی گۆڕینی ڕێڕەوەكەی دەدات تا بەرەو ڕووی خۆر بڕوات.
لەناوەوە شاشەیەكی 98 ئینجی تێدایە كە تەنها بە ئاماژە كاردەكات و پێویستی بە بەركەوتن نییە، جامی ئۆتۆمبیلەكەش بە تیرەی 360 پلەیە و كە دیمەنی دەرەوە زۆر لە ڕوونی دەردەخات، ڕووكاری دەرەوەشی لە كاربۆن و تیتانیۆم دروستكراوە كە ماددەیەكی زۆر سوكە.
ئۆتۆمبیلەكە پێویستی بەماوەیەكی كەم هەیە تاوەكو بارگاوی بكرێتەوە، ئەوەش بەراورد بەو ماوە زۆرەی كە ئەو ئۆتۆمبیلانە پێویستیانە كە بە كارەبا كاردەكەن، ئەوەش خاڵی سەركەوتنی (XP-1) بەراورد بە ئۆتۆمبیلە كارەباییەكان، هەروەها لە كەش و هەوای ساردیش كاریگەری لەسەر دروست ناكات.
ئەم ئۆتۆمبیلە نوێیە ووزەكەی لە تانكی ڕیشاڵی كاربۆنیدا هەڵدەگیرێت لەبری پاتری لیسیۆم و ئایۆنی گەورە، پێچەوانەی ئۆتۆمبیلە ئاساییەكانیش هیچ جۆرە گاز و دوكەڵێكی لێنایەتە دەرەوە.
ئەنجیلۆ كاڤانتاریس سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای (Hyperion) دەڵێت "مەبەستی سەرەكی لە دروستكردنی (XP-1) بەكارهێنانی هایدرۆجینە وەك سەرچاوەیەكی ووزە".
پێشتر ئەندازیارانی بواری فڕۆكەوانی ئاشكرایانكردووە، هایدرۆجین یەكێكە لە سوكترین سەرچاوەكانی ووزە لە گەردوندا كە بڕێكی كەمی بەشی بەكارهێنانێكی زۆر دەكات، بۆیە ئێستا كۆمپانیاكان كێبڕكێیانە بۆ دروستكردنی ئەو جۆرە ئۆتۆمبیلانە.
1294 جار خوێندراوەتەوە