بەبڕیارێکى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان، سەرجەم نوسینگەکانى پەرلەمانى
کوردستان دادەخرێن، پەرلەمانتارێکیش رایدەگەیەنێت، بڕیارەکە هەوڵێکە بۆ بێ
ئیرادەکردنى پەرلەمان.
گوڵستان سەعید ئەندامى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان، لە
لێدوانێکدا بە دیجیتاڵ میدیاى (KNN)ى راگەیاند، بە بڕیارێکى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان سەرجەم نوسینگەکانى
پەرلەمان داخراون و چەند هۆکارێک "وەک بەهانە" بۆ داخستنى نوسینگەکان دیاریکراوە،
لەوانە؛ پشوى هاوینەى پەرلەمان، قەیرانى دارایى و خۆپارێزى لە ڤایرۆسى کۆرۆنا.
گوڵستان سەعید دەڵێت: "پەرلەمانى کوردستان شوێنى کۆبونەوەى نوێنەرانى
هاوڵاتیانى هەرێمە و ئەم بڕیارە بێ ئەرزشکردنى پەرلەمان و گرنگى نەدانە بە
باڵاترین دامەزراوەى هەرێم و بێ ئیرادەکردنى دەنگى خەڵکە".
بڕیارى داخستنى نوسینگەکانى پەرلەمانى کوردستان لە کاتێکدایە، کە لە ئێستادا
پەرلەمانى کوردستان تا بەروارى (1/9/2020) لە پشوى هاوینەى وەرزى یاساداناندا
دەبێت.
4318 جار خوێندراوەتەوە