ئۆکسجین بە پارەیە؛ نەخۆشخانە ئەهلییەکان نرخى خەیاڵى دەستێنن

KNN : Kurdish News Network
07:44 - 07/08/2020
کوردستان
+
-

سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان ئاشکرایدەکات، لە چەند نەخۆشخانەیەکى ئەهلى بۆ بەکارهێنانى ئۆکسجین پارەیەکى زۆر لە کەسوکارى نەخۆش وەردەگیرێت.

عەلى حەمەساڵح، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان ئاشکرایکردووە لە چەند نەخۆشخانەیەکی ئەھلی کە نەخۆشی کۆرۆنا وەردەگرن، ھەر ڕۆژێک داخڵبوون ١٥٠٠ دۆلارە، ئەگەر ئۆکسجین بەکاربھێنێت ٥٠٠ دۆلاری دیکەی لێوەردەگیرێت. 
بەو پییەش بێت واتە هەر نەخۆشێک ئەگەر ئۆکسجینى بوێت بۆ پێنج ڕۆژ ١٠٠٠٠دۆلار  _یەک دەفتەرە_.

 

عەلى حەمەساڵح دەڵێت وەزارەتی تەندروستی پێیان ڕاگەیاندون کە رۆژى شەممە ئەم نرخە خەیاڵیە چارە دەکەن.

 

چەند رۆژێکیش لەمەوبەر لەسەر شەقامەکانى هەولێر ژمارەیەک کاسبکار ئۆکسجینیان بۆ فرۆشتن دانا، ئەوەش دواى ئەوەهات کە ژمارەیەک لە کەسوکارى نەخۆشانى کۆرۆنا لە نەخۆشخانەى رزگارى هەولێر رایانگەیاند کە ئۆکسجین لە نەخۆشخانەکەدا نەماوە و بەو هۆیەوە ژمارەیەک تووشبوو گیانیان لەدەستداوە.

 

بەرپرسانى تەندروستى رەتیانکردەوە و لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێنرا و ئەمڕۆ هەینى ئەنجامى لێکۆڵینەوەکەى راگەیەندرا.

لیژنەکە دەڵێت هیچ نەخۆشێک بەهۆی نەمانی ئۆکسجینەوە گیانی لەدەستنەداوە، هەروەها باسیلەوەکردووە لەو رۆژەدا نەخۆشخانەکە زیاتر لە قەبارەی خۆی نەخۆشی لێبووە ئەمەش هۆکارێکی ئەو دۆخە بووە، بەڵام کەسوکاری نەخۆشەکان کەشێکی وایان دروستکردوە کە ئۆکسجین نەماوە و قەرەباڵغی درووستبووە.

4288 جار خوێندراوەتەوە