وەزارەتى تەندروستى عێراق هۆشداریدا بە هاوڵاتیان لە بەردەوامى کەمتەرخەمى و پابەند نەبوون بە رێنماییە تەندروستیەکان و بڵاوبونەوەى زیاترى کۆرۆنا.
وەزارەتەکە ئەمڕۆ هەینى، بەیاننامەیەکى لەسەر پابەندنەبون بەرێنماییە تەندروستیەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، فەرامۆشکردنى رێنماییەکانى وەزارەتى تەندروستى دەبێتە هۆى هەڵکشانى زیاترى پەتاى کۆرۆنا و لەمدواییەشدا پاپەندنەبوون بەرێنماییەکانەوە ژمارەى تووشبووانى زیاتر کردووە.
تەندروستى عێراق، دەڵێت سەرەڕاى گرتنەبەرى رێکارى پێویست و زیادکردنى قەرەوێڵەى نەخۆشانى کۆرۆنا و دابینکردنى ژمارەیەکى زۆر ئامێرى هەناسەدانى دەستکرد و تاقیگەکانى پشکنین، بەڵام پابەندنەبونى هاوڵاتیان وادەکات ئەنجامى نائومێدکەرى لێبکەوێتەوە و پەتاکە زیاتر بڵاوببێتەوە.
داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و پیاوانى ئاینى و شێخى عەشیرەتەکان و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى کراوە، رۆڵى خۆیان بگێڕن و ئامۆژگارى هاوڵاتیان بکەن پابەندى رێنماییەکان بن و کەمامە و دەستکێش بەکاربهێنن و پەیڕەوى لە دوورکەوتنەوەى کۆمەڵایەتى بکەن.
كۆی گشتیی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق، گەیشتووەتە 144 هەزار و 64 كەس و لەو ژمارەیەش پێنج هەزار و 236 كەس گیانیان لەدەستداوە و 103 هەزار و 197ی دیكەیش چاكبوونەتەوە.
1225 جار خوێندراوەتەوە