گەشتیارێك بۆ گرتنی وێنەیەك پەیكەرێكی تەمەن 200 ساڵ دەشکێنێت

01:10 - 07/08/2020
هەمەڕەنگ

گەشتیارێك بۆ گرتنی وێنەیەكی یادگاری، بەشێك لە پەیكەرێكی ناوازە تێكدەشكێنێت كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 19 و یەكێك لە پەیكەرتاشە بەناوبانگەكانی ئیتاڵیا لەو سەردەمەدا دروستی كردووە.


گەشتیارەكە خەڵكی نەمسابووە و لە 50 ساڵی تەمەنیدا بووە، ویستویەتی وێنەیەكی یادگاری لەگەڵ یەكێك لە شاكارەكانی پەیكەرتاشی ئیتاڵی ئەنتۆنیۆ كانۆڤا بگرێت ، كە لە مۆزەخانەیەكی ئەو هونەرمەندە هەڵگیراوە لەناوچەی بۆسانیۆی باكوری ئیتاڵیا.

 

پۆلیسی ئیتاڵیا بە تۆڕی (CNN) هەواڵی ئەمریكی ڕاگەیاندووە  "ئەو پیاوە لەگەڵ كۆمەڵیك گەشتیاری دیكەی نەمساوی سەردانی مۆزەخانەكەیان كردووە، دواتر ئەو لە گروپەكە جیابۆتەوە و چۆتە لای پەیكەرەكە بۆ گرتنی وێنەكە".

 

پۆلیس باسی لەوەش كردووە، پیاوەكە زیاد لە پێویست هێزی خستۆتە سەر پەیكەرەكە كە تەمەنی 200 ساڵە، ئەوەش بۆتە هۆی شكانی سێ پەنجەی قاچی، تۆڕی ڕۆیتەرزیش وێنەی ئەو ڕووداوەی بڵاوكردۆتەوە.

 

وێنەكە لەڕێی كامێراكانی چاودێرییەوە گیراوە و دەردەكەوێت پیاوەكە بازدەدات بۆسەر ئەو سەكۆیەی پەیكەرەكەی لەسەر دانراوە و دواتر پاڵی پێوە دەداتەوە و وێنەكە دەگرێت، ئەو ڕووداوەش ڕۆژی 31ی مانگی ڕابردوو ڕوویداوە.

 

گروپێك لێكۆڵەر كە پشكنینیان بۆ پەیكەرەكە ئەنجامداوە پێشبینیان كردووە پەیكەرەكە چەند زیانێكی دیكەی بەركەوتبێت بەڵام هێشتا دەرنەكەوتووە، ئەو پیاوەش دانای بە هەڵەكەیدا ناوە.

 

پیاوەكە لەڕێی ئەو تۆمارانەوە دۆزراوەتەوە كە لەئێستادا لەمۆزەخانەكە دانراوە، وە ڕێكارەكانی ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەتایبەت لەكاتی سەردانی گەشتیاراندا، بەڵام ناسنامەكەی بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن ئاشكرا نەكراوە.

 

ئەنتۆنیۆ كانۆڤا یەكێكە لە پەیكەرتاشە ناسراوە كلاسیكییەكانی ئیتاڵیا و لەنێوان ساڵانی 1757 بۆ 1822 ژیاوە و پەیكەرەكانی لە بەرد تاشیوە ئەوەش وایكردووە خاوەنی ناوبانگێكی زۆربێت.

1037 جار خوێندراوەتەوە