سەیرترین هۆكارەكانی جیابونەوە كە لە دادگاكان تۆماركراوە

KNN : Kurdish News Network
10:33 - 03/08/2020
هەمەڕەنگ

لە هەندێ حاڵەتدا ژن و مێرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان پەنا بۆ كۆتا بژاردە دەبەن؛ ئەویش جیابونەوەیە، بێگومان ئەوەش دوای دروستبونی چەندین كێشە و گرفت لە نێوانیاندا، بەڵام لە دادگاكان چەند كەیسێكی جیابونەوە تۆماركراوە كە بەسەیرترینەكان دادەنرێت، بەجۆرێك هەندێ كەس باوەڕ ناكات ژن و مێرد لەسەر هۆكارێكی لەو شێوەیە جیابوبێتنەوە.

كۆمەڵێك پارێزەری ئەمەریكی و بەریتانی چیرۆكی سەیرترین داواكانی جیابونەوە كە لەماوەی كاری پارێزەریدا توشیان هاتووە بۆ ماڵپەڕی ڕیدێت ناردووە، كە تایبەتە بە باسكردنی ئەزمونی كار.

ماڵپەڕەكە باسی لەوە كردووە، داواكان هێندە سەیرن یەكێك لەوانە بەهۆی خواردنی پشیلەوە جیابونەتەوە، هەروەها بەسەربردنی مانگی هەنگوینی لەگەڵ خەسودا یەكێكی تربووە لە جیابونەوە نامۆكان.

یەكێك لەپارێزەرەكان باسی لەوە كردووە، ژنێك داوای جیابونەوەی لە هاوسەركەی كردووە، چونكە پیاوەكە ڕۆژانە خواردنێكی زۆری داوە بە سەگەكەی، ئەویش ترساوە بۆ منداڵەكانی وابێت و لەداهاتوودا بەو خواردنە زۆرە روبەڕووی گرفتی قەڵەوی ببنەوە.

پارێزەرێكی دیكە باسی سەیرترین كەیسی جیابونەوە دەكات و بە نامۆترین لەسەر ئاستی جیهان ناوی دەبات، ئەویش جیابونەوەى ژنێكە لە هاوسەرەكەی بەهۆی ئەوەی لەو تەمەنەدا هێشتا لە شیر نەبڕاوەتەوە و مەمكی دایكی خواردووە، پارێزەرێكی دیكەش ئاماژەی بەوە كردووە، ژنێك بەهۆی بڵاوكردنەوەی كەلوپەلی گەرماوەكەیانەوە و ڕێكنەخستنەوەیان لەلایەن مێردەكەیەوە داوای جیابونەوەی كردووە.

خانمێكی دیكە كەوتۆتە داوی كۆمەڵێك دەستبڕەوە و بەڵێنیان پێداوە كە بە شازادەیەكی دەناسێنن و پێكەوە هاوسەرگیری دەكەن، بەڵام دواتر 45 هەزار دۆلاریان لێدزیوە.

یاریدەدەری پارێزەرێكی بەریتانی دەڵێت "دوو هاوسەر بەهۆی ڕێكنەكەوتنیان لەسەر دۆزینەوەی ناوێكی گونجاو بۆ پشیلە ماڵییەكەیان، هەروەها جۆری ئەو خواردنەی پێیدەدەن؛ جیابونەتەوە".

یەكێكی دیكە لە جیابونەوەكان لە ئاهەنگی هاوسەرگیرییەكەدا بووە، دوای ئەوەی خانەوادەی هەردوولا لەسەر شێوازی بەخێرهێنان دەبێتە شەڕیان و بوك و زاواش لەوێدا بڕیاری جیابونەوە دەدەن.

پارێزەرێكی دیكە چیرۆكی یەكێك لە هاوپیشەكانی گێڕاوەتەوە؛ كە كەیسێكی لابووە، پیاوێك بەهۆی جوانی خێزانەكەیەوە داوای جیابونەوەی كردووە، چونكە متمانەی پێنەبووە، هەروەها ژنێك داوای جیابونەوەی كردووە، چونكە هاوسەرەكەی لەماركەی ئەو خواردنەی نەكڕیوە كە داوایكردووە.

لە دۆسیەیەكی دیكەدا دوو خێزان پێكەوە داوای جیابونەوەیان كردووە، چونكە ژنی خێزانی یەكەم ویستویەتی شو بە پیاوی خێزانی دووەم بكات، بەپێچەوانەشەوە پیاوی خێزانی دووەم ویستوێتی ژنی پیاوەكەی دیكە بهێنێت، دوای جیابونەوەشیان هەردوولا پرۆسەی هاوسەرگیریەكەیان ئەنجامداوە.

یەكێكى دیكە لە داوا سەیرەكانی جیابونەوە پیاوێكی تەمەن 86 ساڵ بووە و ویستویەتی لە خێزانە تەمەن 82 ساڵەكەی جیابێتەوە ،چونكە هەفتانە 12 جار یاری بینگۆی كردووە.

پارێزەرێكی ئەمریكی باسی لەوە كردووە، لەئێستادا كار لەسەر دۆسیەی جیابونەوەی هاوسەرێك دەكات، كە پیاوەكە قژی سەرجەم ئەندامانی خێزانەكەی لەماڵەوە بڕیوە و هەرگیز ڕێگەی نەداون لە دەرەوە نان بخۆن، لەكاتی چونە تەوالێتیش بۆیان هەبووە تەنها یەك كاغەزی كلێنس بەكاربهێنن.

كۆتا چیرۆكیش كە بۆ ماڵپەڕەكە نێردراوە، دۆسیەی خانمێك بووە كە سەوزەخۆر بووە، بەڵام گومانی لە هاوسەركەی كردووە لە یەكێك لە ژەمەكاندا خواردنێكی پێداوە كە پێكهاتەی گۆشت و ماسی تێدابووە.

4832 جار خوێندراوەتەوە