گرنگترین گەشتی ناسا بۆ هەسارەی مەریخ دەست پێدەکات

KNN : Kurdish News Network
10:06 - 30/07/2020
زانستی
+
-

ئەمڕۆ ناسا کەشتی پێرسەڤیرنەس هەڵدەدات بۆ سەر هەسارەی مەریخ و بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی داهاتووی ساڵی 2021 لەسەر مەریخ بنیشێتەوە.


کەشتی پێرسەڤیرەنس  بە نەرمی دەنیشێنرێتەوە لەسەر هەسارەکە، واتە بەبێ پەڕەشوت و تەنیا بەهێزی پاڵنەرەکانی دەنیشێتەوە.

 

کەشتیەکە لە ناوچەی کەندی جێزێرۆ لەسەر مەریخ دەنیشێتەوە، ئەم شوێنە پاشماوەی دەریاچەیەکە کە پێش پتر لە سێ ملیار ساڵ ئاوی ڕۆیشتووی لێبووە و لەدۆخێکی گونجاودا بووە بۆ دروستبوونی ژیان.

 

نیشتنەوەی نەرم لەسەر ڕووی مەریخ کە لە کاتی گەیشتنی کەشتیەکە نزیکەی چوار خولەکی تیشکی دوور دەبێت لە ئێمە بە کارە هەرە قورس و وردەکان دادەنرێت کە لەم سەردەمەدا مرۆڤ بتوانێت ئەنجامی بدات.

 

کەشتیەکە یەک بەشە و بارستاییەکەی هەندێک لە هەزار کیلۆگرام زیاترە، هەر هەمووی گەڕۆک دەبێت لەسەر ڕووی هەسارەکە، گرنگی زۆری ئەم گەشت و کەشتیە ئەوەیە کە تاقیگەیەکی زۆر پێشکەوتووی لەگەڵدایە دەتوانێت نمونەی بەرد و گڵی هەسارەکە لە قوڵایی 9 مەتر هەڵبکەنێت و پشکنینیشان بۆ بکات.


لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا هیچ ئاسەوارێکی بوونی ژیانی سەرەتایی لەسەر ڕووی هەسارەی مەریخ بەدی ناکرێت، بەڵام جارێ نازانین لە چینەکانی ژێرەوە ژیانی سەرەتایی یەکخانەیی هەیە یان نا، یان پێشتر دروستبووە و هەبووە یان نا، ئەم پشکنینە گرنگە، بۆ ئەوەیە دڵنیایی بکرێتەوە لە بوون یان نەبوونی ژیانی سەرەتایی لە چینەکانی ژێرەوەی هەسارەکە.

 

لەگەڵ ئەم کەشتیەش ناسا هەلیکۆپتەرێکی زۆر بچوکیش دەنێرێت و لەوێ تاقی دەکرێتەوە، فڕینی ئەم هەلیکۆپتەرە دەبێتە یەکەم فڕین لەنێو بەرگە هەوای هەسارەیەکی تر جگە لە زەوی.

 

بەرگە هەوای هەسارەی مەریخ نزیکەی 100 ئەوەندە تەنکترە لە بەرگە هەوای هەسارەی زەوی، ئەم تاقیکردنەوەیە بۆ ئەوەیە بزانرێت بەرگە هەوای مەریخ چەندە گونجاوە بۆ فڕینی فڕۆکە و هەلیکۆپتەر.


جگە لەم پشکنینەش گالیسکەی پێرسەڤیرەنس کۆمەڵێک تاقیکردنەوەی گرنگی تریش ئەنجامدەدات، لەوانە ئامادەکردنی گازی ئۆکسجین لە گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن کە پێکهاتەی سەرەکی بەرگە هەوای هەسارەکەیە، هەروەها تاقیکردەوە دەکات لەسەر هەندێک جۆر لە کەرەستە کە بۆ دروستکردنی بەرگی کەشتیەوانان بەکاردەهێنرێت لەگەشتەکانی داهاتوو بۆ سەر هەسارەکە.

 

پێرسەڤیرەنس ئەوەندەی کاردەکات لەسەر هەسارەی مەریخ تەواوی وزەی پێویستی بۆ کارکردن و جوڵە و پەیوەندیکردن لەڕێگەی بڕێک لە ماددەی تیشکدەری پلۆتۆنیۆم دەست دەکەوێت، بەهۆی وزەی ناوکی پلۆتۆنیۆم بەردەوام وزەی کارەبای پێویست دروست دەکات بۆ ئەنجامدانی هەموو کارەکانی.

 

هەروەها پێرسەڤیرەنس 23 کامیرای دیجیتاڵی زۆر پێشکەوتوو و وردی پێوەیە، هەندێکیان مایکرۆسکۆپین، واتە وێنەی زۆر گەورەکراوی وردیلەکانی بەرد و گڵی سەر هەسارەی مەریخ دەچرکێنێت.

 

جگە لەوەی ئەو کاتانەی کەشتیەکە ڕووی لە گۆی زەویە دەتوانێت ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بنکەی پەیوەندیکردن بکات لە سەنتەرێکی ناسا لە کالیفۆڕنیا، بەڵام بەشی زۆری ئەو داتایانەی کۆیدەکاتەوە و دەینێرێتەوە بۆ ناسا لەڕێگەی مانگی دەستکردی MRO دەبێت کە بەردەوام بە دەوری هەسارەی مەریخدا دەسوڕێتەوە.

 

ئامادەکردنی..لوقمان حەوێز/ تێکساس

1006 جار خوێندراوەتەوە