وێستگەی کارەبای خەبات بەگەڕخرا و وەزیرى کارەباى هەرێمیش رایدەگەیەنێت،
وێستگەکە بڕی (300) مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت
و لە (10%)ى کارەباى نیشتیمانى هەرێم دابین دەکات.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە (14/7/2020) رێوڕەسمى بەگەڕخستنى وێستگەى کارەباى
هەڵمى خەبات بەڕێوەچوو، کە توانای بەرهەمهێنانی (300) مێگاوات کارەبا هەیە و لە قۆناغی
یەکەمدا بڕی (150) مێگاوات کارەبای خستە سەر تۆڕی کارەبای نیشتیمانی.
کەمال محەمەد وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وێستگەکە یەکێکە لە
گرنگترین پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، وتیشى؛ هەفتەیەکە یەکەیەکی کەوتەوەتە کار
و هەفتەی داهاتو یەکەی دوەمی دەکەوێتەکار کە هەر یەکەیەکی (150) مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت
و بە بڕى (564) ملیۆن دۆلار پڕۆژەکە جێبەجێکراوە.
ئاماژەى بەوەشکرد، لە ئێستادا لە هەرێمى کوردستان (2700 – 3000) مێگاوات
کارەبا بەرهەمدەهێنرێت و وێستگەى خەباتیش دەتوانێت بەو بڕە کارەبایەى بەرهەمى
دەهێنێت (10%)ی کارەبای نیشتیمانیی دابین بکات.
822 جار خوێندراوەتەوە