رێکخەرى ژورى رۆژنامەوانى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت، بنەماى
بەشداریکردنى بزوتنەوەى گۆڕان لە حکومەتدا چاکسازیە، دەشڵێت: بە ئاشکرا بە
یەکێتى و پارتیمان وتوە ئەگەر باسى چاکسازى دەکەن سەرەتا چاکسازى لە خۆتانەوە دەست
پێبکەن و بەرپرسیارێتى سەرەکى چاککردنى ئەو دۆخە لە ئەستۆى ئێوەیە.
لە چاوپێکەوتنێکدا
لەگەڵ دیجیتاڵ میدیاى (KNN) کە کاتژمێر (9)ى ئەمشەو بڵاودەکرێتەوە، دلێر
عەبدولخاق رێکخەرى ژورى رۆژنامەوانى بزوتنەوەى گۆڕان و ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى
رایدەگەیەنێت، پێداگرى دەکەین لەوەى کە پێوستە چاکسازى لە داهات و نەوت و غازى
هەرێم و خاڵە سنوریەکاندا بکرێت و قۆرخکارى لە بازاڕدا بوەستێنرێت.
لەبارەى قەیرانەکانى
ئێستاى هەرێم و خراپى دۆخى هاوڵاتیان، رایگەیاند، لە دروستبونى
بزوتنەوەى گۆڕانەوە و لە قۆناغى ئۆپۆزسیۆن بووندا، مەترسیەکانى ئەم رۆژانەمان
راگەیاندوە و بە پڕۆژە و پاکێج هەموى خراوەتەڕوو، کە سەرجەمیان پەیوەستە بە
چاکسازی کردن و نەمانى گەندەڵى.
دلێر عەبدولخالق وتیشى؛
"ئێمە کە بەشداری حکومەتمان کردوە، بۆ ئەوە بەشداریمان نەکردوە کە چاوپۆشى لە
هەڵە و کەموکورتیەکان بکەین، بەڵکو بەشداریکردنەکەمان لە پێناو جێبەجێکردنى
چاکسازى بووە".
هاوکات دەپرسێت و
دەڵێت: هۆکار چییە کۆمپانیا گەورەکانى نزیک لە یەکێتى و پارتى کە بەشێکى زۆرى بە
نایاسایى و بە خراپ بەکارهێنانى دەسەڵات دەوڵەمەندبوون لە باج بەخشراون.
لەبارەى
پەیوەندیەکانیان لەگەڵ هەریەکە لە یەکگرتوى ئیسلامى کوردستان و کۆمەڵى ئیسلامى
کوردستان، رێکخەرى ژورى رۆژنامەوانى بزوتنەوەى گۆڕان دەڵێت: "ئەزمونێکى
سەرکەوتوى کارکردنمان لە قۆناغى پێشوتردا هەیە، بۆیە ئەوانیش وەک دوو هێزى
نیشتیمانى بەرپرسیار کە خەمى ئەزمونى سیاسى هەرێمى کوردستان و قەوارەى هەرێمى
کوردستانیانە؛ بە خەم پرۆسەى چاکسازیەوەن، ئەوەش بۆ ئێمە گرنگە کە دۆستەکانى چاکسازى
زیادبکات، چونکە ئێمە بۆ خزمەتى خەڵک لە حکومەتداین".
سلێمانى / بڕیار نامیق
764 جار خوێندراوەتەوە