عێراق؛ هۆشداری لە خراپی دۆخی تەندروستی بەندینخانەکان دەدرێت

10:47 - 03/07/2020
عێراق

کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، هۆشداریی دا لە داڕمانی رەوشتی تەندروستی لە بەندیخانەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، و سەرۆکی بەرەی رزگاری نیشتمانی عێراقیش داوای گرتنەبەری رێکاری بەپەلە دەکات بۆ ئازادکردنی گیراوان ئەمەش لە پێناو پاراستنی سەلامەتییان.

 
عەلی بەیاتی ئەندامی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "چەندین تووشبووی کۆرۆنا لەنێو بەندیخانەکاندا هەن، هەروەها ژمارەیەک فەرمانبەری چاکسازییەکانیش تووشی ڤایرۆسەکە بوونە".

 

ئاماژەی بەوەشکرد کە مەترسی ئەوە هەیە ژمارەی تووشبووان لەنێو بەندییەکاندا روو لە هەڵکشان بکات، ئەمەش بەهۆی ئەوەیە کە رێکارەکانی تەندروستیی لە نێو بەندییەکان جێبەجێ ناکرێت.

 

باسی لەوەشکردووە، دەبێت چەند رێکارێکی پێویست بۆ ئازادکردنی ئەو گیراوانەی کە تێوەنەگلاون بە کردەی تیرۆریستی و ئەو تاوانانەی کە زیان بە ئاسایشی دەوڵەت دەگەیەنن، بگیرێتەبەر. 

 

هاوکات  ئوسامە نوجێفی سەرۆکی بەرەی رزگاری نیشتمانی عێراق، داوای لە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد رێکاری بەپەلە بگرێتەبەر بۆ ئازادکردنی گیراوان، ئەمەش لەپێناو پاراستنی سەلامەتییان. 

 

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە گەیشتووەتە 53 هەزار و 708 کەس، لەنێویاندا دوو هەزار و 160 گیانلەدەستدان هەبووە و 27 هەزار و 912 نەخۆشیش دوای چارەسەری پزیشکیی، چاکبوونەتەوە.

248 جار خوێندراوەتەوە