باندێکى دزیکردن لە سنورى ئیدارەى راپەڕین دەستگیرکرا، پۆلیسى سنورەکەش
رایدەگەیەنێت، باندەکە چەندین تاوانى دزیان ئەنجامداوە.
لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین ئاشکراى دەکات، هێزەکانیان
ئاگادارکراونەتەوە بە بونی چەند تاوانێکی دزیکردن لەناو شاری رانیە لە گەڕەکی نەورۆز،
دوای بەدواداچون دەرکەوتوە کە روداوی دزیکردنەکان لەلایەن چوار تۆمەتبار بە هاوبەشی
ئەنجام دراون.
پۆلیسى راپەڕین ئەوەش دەخاتەڕوو، کە بە پشت بەستن بە بەڵگەکان و کۆکردنەوەی
زانیاری سەبارەت بە تاوانباران، توانراوە شوێنیان دەست نیشان بکرێت و لەلایەن مەفرەزەکانی
پۆلیسی نەهێشتنی تاوان دەستگیر بکرێن و دەست بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەشدا بگیرێت کە
تاوانەکەى پێ ئەنجامدراوە.
راگەیەندراوەکەى پۆلیسى راپەڕین باس لەوەش دەکات، کە هەر چوار
دەستگیرکراوەکە لە دایکبوى ساڵى (2001)ن و دانیشتوى راپەڕینن و دانیان بە تاوانەکەیاندا
ناوە.
2122 جار خوێندراوەتەوە