هەریەکە لە سەرۆکانى روسیا و تورکیا و ئێران لەسەر پاراستنى سەروەرى و
یەکپارچەیى خاکى سوریا رێککەوتن و سەپاندنى هەر گۆرانکارییەک لە نەخشەى سیاسى و
جوگرافى لەو وڵاتە رەتدەکەنەوە.
ئەمڕۆ (1/7/2020) هەریەکە لە فلادیمێرپوتین سەرۆکى روسیا و حەسەن رۆحانى
سەرۆککۆمارى ئێران و رەجەب تەیب ئەردۆغانى سەرۆکى تورکیا لەبارەى دۆخى ئێستاى
سوریا و ناوچەکەوە کۆبوونەوە و لە کۆتایى کۆبونەوەکەشدا بەیانێکى هاوبەشیان
راگەیاند.
لەبەیاننامەکەى سەرۆکى وڵاتانى روسیاو ئێران و تورکیادا هاتووە، هەر پلانێک
بۆ جیاکردنەوەى بەشێک لە خاکى سوریا رەتدەکەنەوە و بە شکاندنى سەروەرى وڵاتى سوریا
و هەڕەشە بۆسەر ئاسایشى نەتەوەى ئەو وڵاتە دادەنرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، رەوشى ئێستاى سوریا پێویستە بە گفتوگۆ هێوربکرێتەوە و
سەقامگیرى سوریا بۆ وڵاتانى دراوسێ گرنگە، جەختیشیان لە هاوکاریکردنى حکومەتى
دیمەشق کردەوە و پەیوەندییە ئابورى و سیاسیەکانیان لە گەڵ دەسەڵاتدارانى سوریا وەک
خاڵى هاوبەشى نێوان هەرسێ وڵات ناوبرد.
سەرۆکى ئەو سێ وڵاتە راشیانگەیاندووە، کاردەکەن بۆ گەڕانەوەى ئاوارەکانى
سوریا لە وڵاتانى دراوسێ و هاوکاریکردنیان بۆ دووبارە بونیاتنانەوەى ئەو شوێنانەى
بە هۆى شەڕى نێوخۆیى و ناوچەییەوە وێران بوون، بەڵێنى ئەوەشیاندا، لە داهاتوودا
دانیشتنێکى سێ قۆڵى لە تاران ئەنجامبدەن.
679 جار خوێندراوەتەوە