حکومەتی هەرێم: سازش لە سەر مافە دەستورییەکانی خەڵک ناکەین

KNN : Kurdish News Network
02:16 - 30/06/2020
کوردستان
+
-

بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی ئەنجامی گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا،ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێم و وەفدی دانوستانکاری هەرێم بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا کۆبونەوە.

 

لە کۆبوونەوەکەدا وەفدی دانوستانکار ئەنجامی گفتوگۆکانیان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و پێشنیارەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان خستەڕوو.

 

دواتر مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند،لە گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبین بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا پارێزراو بێت.

 

وتیشی وەکو حکومەتی هەرێم داکۆکی لە مافەکانی خەڵکی هەرێم دەکەین لە چوارچێوەی دەستوردا و سازشیان لەسەر ناکەین.

 

هاوکات وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند، قوباد تاڵەبانی زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوەی دیپلۆماسی لەگەڵ باڵیۆز و كونسوڵ و نوێنەرایەتی وڵاتانی بیانی بەتایبەت یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا دەست پێكردوە.

 

سەمیر هەورامی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردوە، مەبەستی جێگری سەرۆکی حکومەت لەم کۆبونەوانە روونكردنەوەی دۆخی دانووستانەکان و هەڵوێستی هەرێمە لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەتایبەت پرسی شایستە داراییەكانی ھە‌رێم و بەردەوامی گفتوگۆکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەو وڵاتانە.

933 جار خوێندراوەتەوە