لە بەغدا خۆپیشادان بۆ پشتیوانى لە
رێکارەکانى حکومەت بەرامبەر کەتائیبى حیزبوڵا ئەنجامدرا و خۆپیشاندەران داوا دەکەن
سوپا روبەڕوى گروپە چەکدارەکان ببێتەوە.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ شەممە (27/6/2020)
سەدان خۆپیشاندەر لە گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەڕاستی بەغدا گردبوونەوە و پاڵپشتی خۆیان
لەو رێوشوێنانە نیشاندا كە حكومەتی عێراق دژبە كەتائیبى حیزبوڵا گرتووەتەبەر.
خۆپیشاندەران رایدەگەیەنن، پێویستە
هێزەكانی سوپا روبەڕوی سەرجەم ئەو گروپە چەكدارانە ببنەوە، كە سۆز و پاڵپشتییان بۆ
لایەنەکانى دەرەوەى عێراق هەیە.
ئاماژە بەوەش دەکەن، لە کاتێکدا
ئەو گروپە چەکدارانە بەشێکى زۆریان سەر بە حەشدى شەعبین و موچە لە حکومەتى عێراق
وەردەگرن، بەڵام خزمەت بە بەرژەوەندی وڵاتانی دیكە دەكەن.
درەنگانى شەوى پێنجشەممە، هێزێكی سەر
بە دژەتیرۆر هەڵیكوتایە سەر بارەگایەكی كەتائیبى حیزبوڵای عێراق و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە
هاوبەشەکانیش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، زانیاری هەواڵگری وردیان هەبوە
لەسەر ئەو کەسانەى ناوچەی سەوز دەکەنە ئامانج بۆیە دەستگیرکراون.
1399 جار خوێندراوەتەوە