لەگەڵ بینینى لیک بەدەمى منداڵەکەیانەوە، زۆربەى دایکان هەست بە نیگەرانى
دەکەن و هەڵدەستن بە سڕینى، پزیشکانیش دەڵێن ئەو لیکەى منداڵ نەک نیگەرانى ناوێت،
بەڵکو چەندین سودى بۆ منداڵەکە هەیە.
زۆربەى دایکان پارچە دەسڕێک وەک بەروانکە بە سنگى منداڵەکەیانەوە هەڵدەواسن،
ئەوەش بۆ سڕینى لیکى دەمى منداڵەکەیە، کە زۆربەى دایکان پێى نیگەرانن، لەو
بارەیەوە دکتۆر محەمەد ئەبو داود پسپۆڕى نەخۆشییەکانى منداڵان لە سەنتەرى پزیشکى
نیشیمانى ئیمارات رایگەیاندووە، بە پێى نوێترین توێژینەوەکان، ئەو لیکەى لە تەمەنى
(3) مانگى و بەرەوەسەر بە دەمى منداڵدا دێتەخوارەوە ئەم سودانەى بۆ منداڵەکە هەیە:
یەکەم: هەر میکرۆب و تەنێکى نامۆ بچێتە دەمى منداڵەکەوە لە ڕێگەى ئەو
لیکەوە دەکرێتە دەرەوە.
دووەم: دەردانى ئەو لیکە نیشانەى تەندروستى کۆئەندامى هەرسى منداڵەکە و
ئامادەیى وەرگرتنى شیر یان هەر شلەیەکى دیکەیە کە منداڵ دەیخوات.
سێیەم: لیکى دەمى منداڵ ئاسانکارى بۆ پرۆسەى مژین و قوتدانى شیر دەکات و هەمیشە
ئەو ڕێڕەوە بە تەڕى دەهێڵێتەوە.
چوارەم: دەردانى لیک لە دەمى منداڵەوە نیشانەى گەیشتنى منداڵەکەیە بە
تەمەنى دان دەرهاتن.
لەبەر ئەم هۆکارانە، پزیشکان ئامۆژگارى دایکان
دەکەن، لەبارەى دەردانى لیکى منداڵەکەیانەوە ئاسودە بن و هەوڵى زوو زوو سڕێنى
نەدەن، چونکە منداڵەکان پێویستیان بەوەیە بڕێکى دیاریکراو لە لیک لەدەمیاندا
بمێنێتەوە.
5184 جار خوێندراوەتەوە