چ شتێك كۆرۆنا و
یۆگا بەیەكەوە دەبەستێتەوە؟
یۆگا یەكێكە لە
جۆری وەرزشەكان لە جیهاندا و كەسانێكی زۆر ئەنجامی دەدەن، ئەوەی لە ڕاهێنانە وەرزشییە
ئاساییەكانی جیایدەكاتەوە، شێوازی ئەنجامدانەكەیەتی كە لەبەری ماندوو كردنی ئەندامەكانی
جەستە، زیاتر پێویستی بە پشوودان و كەشێكی هێمن هەیە.
گرنگی ئەنجامدانی
ئەو ڕاهێنانە وای لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد لە ساڵی 2014دا بڕیارێك دەربكات
و 21 حوزەیران وەك ڕۆژی جیهانی یۆگا دیاری بكات، مەبەستیش لە دیاریكردنی ڕۆژەكە
هاندانی زیاتر هاوڵاتیانی جیهانە تا یۆگا ئەنجام بدەن و لە سودەكانی بێ بەش نەبن.
لەمساڵدا یادەكە
بە دروشمی "یۆگا لەماڵەوە و لەگەڵ خێزاندا" دەكرێتەوە، چونكە بەهۆی كۆرۆناوە
زۆرینەی یانە و ناوەندەكانی تایبەت بە ئەنجامدانی یۆگا داخراوە، بۆیە كەسانێكی زۆر
لەماڵەوە سەرقاڵی ئەنجامدانی ڕاهێنانەكانن.
ڕێكخراوی نەتەوە
یەكگرتووەكان لە پەیامێكیدا بەهۆی ڕۆژەكەوە باسی لەوە كردووە، یۆگا ئامرازێكە بۆ
باشكردنی تەندروستی لەش، هەروەها لەڕێی دەتوانرێت زاڵبیت بەسەر ئەو ترس و دڵە ڕاوكێ
و دۆخە خراپەی بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە و مانەوە لەماڵەوە توشی تاك دەبێت، ئەمە
جگە لەوەی بۆ تەواوی تەندروستی لەش باشە.
ساڵانی ڕابردوو
لەم ڕۆژەدا چەندین چالاكی جۆراوجۆر لە وڵاتانی جیهان ئەنجام دەدرا و كەسانێكی زۆر
بەشێوەی كۆمەڵ و لە شوێنە جیاوازەكاندا ڕاهێنانەكانی یۆگایان دەكرد، بەڵام ئەمساڵ
چالاكییەكان بەڕێگەی ئۆنلاین ئەنجامدرا، بەجۆرێك لە ڕۆژی 19 مانگ چالاكییەك لە ئەمریكا
ئەنجامدرا و بەشێكی كەناڵەكانیش گواستیانەوە كە تایبەت بوو بە ئەنجامدانی یۆگا لە
ماڵەوە و و لەگەڵ كەسانی دیكە لەڕێی ئۆنلاینەوە.
شێوازی ئەنجامدانی
یۆگا وایكردووە كەسانێكی زۆر وەك وەرزشی عەقڵ و جەستە پێناسەی بكەن، چونكە لەڕێیەوە
دەتوانرێت كۆنترۆڵی عەقڵ و جەستە بكرێت و پشوو بە هەردوو بەشەكە بدرێت، ئەویش لەڕێی
چەندین جوڵەی تایبەتی جەستەیی، بەڵام هیچ ئامێر و كەرەستەیەكی وەرزشی تێدا بەكارنایەت.
مێژووی ئەنجامدانی
یۆگا دەگەڕێتەوە بۆ هیندستان و نزیكەی پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا هیندۆسییەكان وەك ڕاهێنانێكی
ڕۆحی و جۆرێكی پەرستش ئەو كارەیان ئەنجامداوە، دواتر لە لەناوەڕاستی سەدەی نۆزدە بەشێوەیەكی
فراوان بە وڵاتانی جیهاندا بڵاوبۆتەوە.
یۆگا زیاتر لە
100 جۆری هەیە كە بەپێی مەبەستەكە شێوازی ئەنجامدانەكەی دەگۆڕێت، بەشێكیان پێویستیان
بە جۆڵەی زۆر و خێرا هەیە، بەشێكی دیكەشیان بەپێچەوانەوە، لە چەند جوڵەیەكی كەم و
لەسەرخۆ پێكهاتوون.
ئەنجامدانی یۆگا
پێویستی بە پەیڕەوكردنی چەند مەرجێك هەیە، كە دیاترینیان بریتییە لە دابینكردنی كەشێكی
هێمن و گونجاو، لەبەركردنی جلی پان و سوكەڵە، هەروەها چاو داخستن و دانانی دەست بە
چەند شێوازێكی دیاركراو، لەگەڵ دانانی پارچەیەكی تاڕادەیەك ڕەق تا ئەو كەسەی یۆگا
دەكات ڕاهێنانەكانی لەسەر ئەنجام بدات.
شارەزایانی ئەو
بوارە باس لەوە دەكەن ئەنجامدانی ڕاهێنانەكانی یۆگا لە سەرەتادا ئاسان نییە و پێویستی
بە پشوو درێژی هەیە، بەڵام دوای چەند جارێك دووبارەكردنەوەی ئەو كەسە لەسەری ڕادێت
و بەشێوەیەكی بەردەوام ئەنجامی دەدات، بۆ شوێنی ئەنجامدانەكەشی دەتوانرێت لەماڵەوە
یاخود لە هۆڵی تایبەت و تەنانەت لە ناو سروشت ئەنجام بدرێت، بەو مەرجەی كاتەكەی
گونجاوبێت.
سەبارەت بە سودەكانی
یۆگا توێژینەوەی جیاواز لە وڵاتانی جیهان ئەنجامدراوە و چەندین سودی ئاشكرا كراوە
كە پەیوەندی بە تەندروستی لەشەوە هەیە، لەوانە دابەزاندنی كێش و كەمكردنەوەی دڵەڕاوكێ
و خەمۆكی، هەروەها بەخشینی وزە بە لەش و چالاكردنی سوڕی خوێن.
1428 جار خوێندراوەتەوە