تەندروستى جیهانى: ئاماژەى دڵخۆشکەر هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنى کۆرۆنا

09:46 - 17/06/2020
جیهان

رێکخراوى تەندروستى جیهانى رایگەیاند، چەند ئاماژەیەک هەیە کە جێگەى هیوان بۆ روبەڕوبونەوەى کۆرۆنا و کۆنترۆڵکردنى.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە (17/6/2020) تیدرۆس ئەدهانوم سکرتێرى گشتى رێکخراوى تەندروستى جیهانى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، هەرچەندە پێویستە رێوشوێنەکانى خۆپارێزى لە ڤایرۆسى کۆرۆنا بە تەواوەتى جێبەجێبکرێن، بەڵام چەند هیوایەک هەیە بۆ روبەڕوبونەوەى ڤایرۆسەکە، لەوانەش ئەنجامى تاقیکردنەوەى دەرمانى Dexamethason لە لایەن تاقیگە بەریتانییەکانەوە.

 

تەندروستى جیهانى ئەنجامى ئەو تاقیکردنەوە بەریتانییەى بە هەواڵى دڵخۆشکەر ناوبردووە و دەشڵێت، زۆربەى ئەو وڵاتانەى کە بە کانگاى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە لە ئەوروپا دادەنران، ئێستا کەمبوونەوەى بەرچاو لە ژمارەى تۆمارکردنى رۆژانەیاندا بەدى دەکرێت، ئەوەش مایەى دڵخۆشییە بۆ هەمولایەک.

 

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە حکومەتى بەریتانیا بەفەرمى بەکارهێنانى دەرمانى (دیکسامیتازۆن)ى بۆ توشبووانى کۆرۆنا راگەیاند و ئاماژەش بە دەرئەنجامە باشەکانى کراوە، ئەو دەرمانە جگە لەوەى رۆڵێکى باشى لە چاکبوونەوەى توشبووانى کۆرۆنادا هەیە، هاوکات نرخەکەشى هەرزانە و بەئاسانى بەردەست دەبێت.

 

جگە لە بەریتانیاش، هەر یەکە لە روسیا، چین، ئەمەریکا و ئەڵمانیا بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ پەرەپێدان و بەرهەمهێنانى جۆرە دەرمانێک بۆ چارەسەرکردنى توشبووانى کۆرۆنا.

9823 جار خوێندراوەتەوە