پەرلەمانى عێراق داواى لەحکومەت کرد پرۆژەیاساى بودجەى بۆ بنێرێت

KNN : Kurdish News Network
10:48 - 03/06/2020
عێراق
+
-

ئەمڕۆ پەرلەمانى عێراق پرۆژە بڕیارێکى پەسەند کرد کە تێیدا حکومەت ناچار کراوە هەتا (30) حوزەیران پرۆژەیاساى بودجە ئامادە بکات و رەوانەى پەرلەمانى بکات.

 

 میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، پەرلەمانى عێراق لەدانیشتنى ئەمڕۆیدا بڕیایداوە، دوا مۆڵەت بۆ حکومەت بۆ ناردنى پرۆژە یاساى بودجەى ساڵى (2020)، ڕۆژى (30)ى حوزەیرانى ئەمساڵ بێت و پێویستە پێش کۆتایی هاتنى ئەو وادەیە پرۆژەیاساکە رەوانەى پەرلەمان کرابێت.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، محەممەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمان، سکرتێرى پەرلەمانى راسپاردووە سەبارەت بە ئامادەکردن و ناردنى پرۆژەیاساى بودجە گفتوگۆ لەگەڵ سکرتێرى ئەنجومەنى وەزیران بکات.

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، ناردنى پرۆژە یاساى بودجەى ئەمساڵى عێراق بەهۆى خۆپیشاندانەکان و دەستلەکارکێشانەوەى حکومەتەکەى عەبدولمەهدى چەند مانگێکە دواکەوتووە و ئێستا پەرلەمان چاوەڕوانى ناردنى پرۆژەیاساکەیە بۆ دەنگ پێدان و پەسەندکردنى.

677 جار خوێندراوەتەوە