منداڵ ئەو كەسایەتییە تایبەتەیە كە دنیایەكی پاك و بێگەردی هەیە و پێویستی بە گرنگیپێدان و دابینكردنی ژیانێكی شایستە و پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی و دابینكردنی مافەكانی هەیە.
بۆ گرنگیپێدانی زیاتر بەو توێژە، ڕۆژێكی جیهانیی تەرخان كراوە كە بەپێی وڵاتان ڕێكەوتەكەی گۆڕانكاریی بەسەردا دێت، بەجۆرێك لە زۆرینەیان بەتایبەت هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە یەكی حوزەیراندا یاد دەكرێتەوە، لە چەند وڵاتێكی دیكەش بۆنەكە كەوتووەتە مانگەكانی نیسان و ئایار و چەند ڕێكەوتێكی دیكەوە.
مێژووی ڕۆژەكە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1954 كاتێك ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بە بڕیارێك داوای لە وڵاتانی جیهان كرد ڕۆژێك بۆ منداڵان دیاری بكەن، كە تێیدا ئاهەنگ و بۆنەی جیاوازی تێدا سازبكرێت و هەوڵی دڵخۆشكردنیان بدرێت بەشێوەیەكی تایبەت، دواتریش ئەو ڕێكخراوە چەند ڕۆژێكی دیكەی تایبەت بە منداڵانی دانا لەوانە ڕۆژی بەرەنگاربونەوەی كارپێكردنی منداڵ و ڕۆژێكی تایبەتیش بە تەواوی منداڵانی جیهان كە لە 20ی تشرینی دووەمدا یاد دەكرێتەوە.
بەشێوەیەكی گشتی منداڵانی هەرێمی كوردستان ژیانیان لە دۆخێكی هەستیار و نائارامدایە، بەشێكیان ڕوبەڕوی كارپێكردن و توندتیژی دەبنەوەو ئەمەش بە ئاشكرا لەسەر شەقامەكان هەستی پێدەكرێت، بەشێكی دیكەشیان بەهۆكاری جیاواز لە خوێندن دابڕاون، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەكیان لە خێزانەكانیان دابڕاون و شوێنێكی گونجاوی ژیانیان نییە.
ئەو دۆخەی سیاسیو ئابورییە ناجێگیرەی چەند ساڵێكە لە كوردستان هەیەو گەورەكان پێوەی گیرۆدەن، كاریگەریی لەسەر منداڵانی كوردیش هەیە بەتایبەت لە ڕووی دەروونیو هۆكارەكانی ڕاگەیاندن كە منداڵان بەشێوەیەكی گشتی هاوشێوەی گەورەكانی ناو خێزانەكانیان هەمان هەواڵو زانیارییان پێدەگات لە ڕێی كەناڵەكانی ڕاگەیاندنو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.
ئەمساڵو بەتایبەت لەم چەند مانگەداو ئەمڕۆش كە یادی ڕۆژی جیهانیی منداڵانە لە كوردستان، ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشێوەیەكی فراوان لە دونیادا بڵاوبووەتەوەو هەرێمی كوردستانیش بەدەر نییە لە كاریگەرییە خراپەكانی ئەو ڤایرۆسە، ئەوەش كاریگەریی لەسەر منداڵانو ڕۆژە تایبەتەكەیان هەیەو ئەمساڵ بۆنەو مەراسیمی جیاوازیان بۆ ئەنجام نادرێت هاوشێوەی ساڵانی دیكە، هەروەها جوڵەو چوونە دەرەوەو ئازادییەكانیان بەهۆی ڤایرۆسەكەوە بەتەواوەتی سنووردار كراوەو بەشێوەیەكی كاتیی بێبەشن لە بەسەربردنی كاتە خۆشەكانیان لە دەرەوەی ماڵەكانیان.
لە ڕۆژی جیهانیی منداڵاندا، ڕێكخراوە ناوخۆیی و جیهانییەكانی تایبەت بەمافی منداڵ، داواكارییەكانیان چڕ دەكەنەوە بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی منداڵو پاراستنیان، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە مافی خوێندن و كارنەكردنیان لەسەر شەقامەكان، هەروەها بەكارنەهێنانیان بۆ مەبەستی جیاواز.
ئەوەش جێگەی نیگەرانیی ڕێكخراوەكانو چالاكانی بواری مافەكانی منداڵە، دۆخی منداڵانە لە وڵاتە هەژارو دواكەوتووەكان كە تێیاندا مافەكانی منداڵان پێشێل دەكرێن، ئەوەش كاریگەریی لەسەر داهاتووی كۆمەڵگە دروست دەكات بەوپێیەی منداڵ بە كۆڵەكەی پێشكەوتنی هەر وڵاتێك دادەنرێتو بەسەر بردنی ژیانێكی ناخۆشو پڕ نەهامەتی لە تەمەنی منداڵییدا، كاریگەریی لەسەر داهاتووش دەبێت.
842 جار خوێندراوەتەوە