بەشێكی ئەو نەخۆشییانەى توشی مرۆڤ دەبێت بە
نەخۆشییە درێژخایەنەكان ناسراون، چونكە چارەسەریان نییە و بە درێژایی تەمەن لەگەڵ
كەسەکاندا دەمێنێتەوە.
پسپۆڕانی تەندروستی چەندین ئامۆژگاریان بۆ ئەو
كەسانە داناوە كە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، بۆ ئەوەی لە ڕۆژانی جەژندا جێبەجێی بكەن
و لە ئەگەری توشبوون بە هەر گرفتێكی تەندروستی بەدووربن.
نەخۆشی شەكرە:
ئەوانەی نەخۆشی شەكرەیان هەیە دەبێت دووربن
لە خواردنی هەموو جۆرە شیرینیەك، هەروەها دەرمانی ئەنسۆلین بە شێوەیەكی ڕێكخراو بەكاربهێنن.
پزیشكەكان ئاماژە بەوە دەكەن پێویستە
توشبووانی شەكرە ئەو خۆراكانە كەم بكەنەوە كە نیشاستەی زۆریان تێدایە بە تایبەت
برنج و مەعكەرۆنی، هەروەها ئەو جۆرانەى میوە كەمتر بخۆن كە رێژەی شەكر تێیاندا بەرزە.
نەخۆشی دڵ:
ئەو كەسانەی نەخۆشی دڵیان هەیە دەبێت هاوشێوەی
ڕۆژانی ئاسایی لە جەژندا خواردنی چەور و سوێر نەخۆن، هەروەها باشترە ڕۆژانە نزیكەی
شەش ژەم نان بخۆن، بەڵام بڕی خۆراكەكان كەم بێت، واباشتریشە چا و قاوە و شەربەت كەم
بخۆنەوە.
نەخۆشی فشاری خوێن:
ئەو كەسانەی پەستانی خوێنیان بەرزە، لە جەژندا
بەهیچ جۆرێك نابێت خۆراكی سوێر و چەور بخۆن بە تایبەت ئەو خواردنانەی لە ڕۆندا
سوردەكرێنەوە، هەروەها باشترە دووربن لە خواردنی چەرەساتەكان و پسكیت.
هاوشێوەی توشبووانی نەخۆشی دڵ، ئەمانیش دەبێت
خواردنەكانیان بە بڕی كەم و لە چەند ژەمێكی جیاوازدا بخۆن، ڕۆژانەش بە شێوەیەكی بەردەوام
وەرزشی ئاسایی بكەن.
قورحەی مەعیدە:
ئەو كەسانەی قورحەیان هەیە دەبێت لە ڕۆژانی
جەژندا دوربكەونەوە لە خواردنی شیرینی و چەرەسات، هەروەها ئەو خواردنانە نەخۆن كە
سوێرن و بەهاراتیان زۆر تێدایە بە تایبەت بیبەری تون.
واباشترە ئەو كەسانە خواردنەكانیان بەسەر چەند
ژەمێكی جیاوازدا دابەش بكەن، وە بە بڕێكی كەمیش خواردن بخۆن، هەروەها ئەو دەرمانانە
لە بیر نەكەن كە پزیشكی پسپۆڕ بە مەبەستی چارەسەر بۆی دیاری كردوون.
1048 جار خوێندراوەتەوە