کاریگەرییەکانی زۆر خواردنی گۆشت لە ڕەمەزاندا

KNN : Kurdish News Network
02:21 - 17/05/2020
تەندروستی
+
-

لە مانگی ڕەمەزاندا خواردنی گۆشت بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد دەكات، بەڕای پسپۆڕانی تەندروستیش زۆر خواردنی گۆشت زیانی تەندروستی بۆ لەش هەیە و ئەگەری توشبوون بە چەند نەخۆشییەك زیاد دەكات.

 

 
توێژینەوەیەكی ئەمریكی دەریخستووە زۆر خواردنی گۆشت ئەگەری توشبوون بە هەشت نەخۆشی مەترسیدار زیاد دەكات، لەنێوانیشیاندا نەخۆشییەكانی شێرپەنجە و دڵ و شەكرە، ئەمە جگە لەوەی زۆر خواردنی گۆشت هۆكارێَكە بۆ مردنی لەناكاو.

 

بەپێی توێژینەوەكە زۆر خواردنی گۆشت ئەگەری مردنی لەناكاو بەڕێژەی %26 زیاد دەكات، ئەوەش بەهۆی پێكهاتەكانی گۆشتی سورەوە، لەبەرامبەردا پێویستە بڕی خواردنی گۆشتی سپی زیاد بكرێت كە مەبەست گۆشتی مریشك و ماسییە، چونكە زیانەكانی بۆ تەندروستی كەمترە.

 

ئەو زیانانەی گۆشت بەپێی بڕی خواردنی گۆشتەكە زیاد دەبێت، بەو پێیەش كە لەمانگی ڕەمەزاندا گرنگییەكی زیاتر بە خواردنی گۆشت دەدرێت، ئەوا مەترسییەكان لەسەر تەندروستی مرۆڤ زیاد دەبێت.

 

زۆر خواردنی گۆشت لەژەمی بەربانگدا كێشە بۆ كرداری هەرس دروست دەكات بەتایبەت ئەگەر بە بڕی زۆر بخورێت، هەروەها لەپارشێودا زیانەكانی زیاترن چونكە ڕاستەوخۆ بەدوایدا كەسەكە دەخەوێت.

 

پسپۆڕەكان داوا دەكەن كە بڕی خواردنی گۆشت كەمبكرێتەوە، لەبەرامبەردا گرنگییەكی زۆر بە خواردنی سەوزە و میوەكان بدرێت، چونكە سودێكی زۆریان بۆ تەندروستی هەیە.

606 جار خوێندراوەتەوە