بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما بەراورد بە وەرزی زستان و نەخواردنی
هیچ جۆرە خۆراكێك لە رۆژانی مانگی رەمەزاندا، كاریگەری لەسەر پێست و قژ دروست دەكات
و بەرەو وشكبونەوەیان دەبات و ئەگەری توشبوونی بە چەند كێشەیەكی تەندروستی زیاد دەكات،
بۆ پاراستنی قژ و پێستیش لەو كێشانە پێویستە لە رەمەزاندا و دوای كۆتایی هاتنی
مانگەكەش پەیڕەوی چەند رێنماییەك بكرێت.
پسپۆڕانی خۆراكی باس لە كاریگەری جۆری خۆراكەكان دەكەن و
داوا لە هاوڵاتیان دەكەن ئەو خۆراكانەی لە ژەمی بەربانگدا دەیخۆن، قورس و چەور نەبن،
بەڵكو باشترە گرنگی بە خواردنی هەمەچشن و جۆراوجۆر بدەن، سەوزەكان لە پێكهاتەی ژەمەكەدا
هەبێت، هەروەها بەهۆی ئەوەی لە ڕۆژدا هیچ جۆرە ئاو و شلەمەنییەك ناخورێتەوە، بۆیە
خواردنەوەی چەند پەرداخێك ئاو زۆر گرنگە بۆ پێست و لە ئەگەری وشكبونەوە دەیپارێزێت.
دەربارەى خواردنی ژەمی پارشێو، پسپۆڕە خۆراكیەكان داوا لە
هاوڵاتیان دەكەن، گرنگی بە خواردنی سەوزە و میوە و نانی جۆ و شیرەمەنییەكان بدەن،
چونكە ئەو خواردنانە گرنگییان بۆ پێست هەیە و بە شێوەیەكی جوانتر دەریدەخەن.
بەڕۆژوبوون كاریگەری لەسەر قژیش دەبێت و پسپۆڕەكان بۆ كەمكردنەوەی
ئەو كاریگەرییانەش رێنمایی ئەوە دەدەن، كە باشترە لەژەمەكانی بەربانگ و پارشێودا
گرنگی بە خواردنی سەوزە و میوە و چەند خۆراكێكی دیكەی وەك پاقلەمەنی و شیرەمەنی و
چەرەساتەكان بدرێت، چونكە پێكهاتەی ئەو خواردنانە دەوڵەمەندن بە چەندین جۆری ڤیتامین
و خوێی كانزایی كە سودیان بۆ قژ هەیە و تاڵەكانی بەهێز دەكەن.
دوای كۆتایی هاتنی مانگی ڕەمەزانیش، پێویستە گرنگیدان بە
جۆری خواردنەكان بۆ تەندروست راگرتنی پێست و قژ بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی ئەگەر لە بەڕۆژوبووندا
كاریگەرییەكی خراپی كردبێتە سەر پێست و قژ، دوای ئەو مانگە لەڕێی خواردنەوە ئەو
كاریگەرییە كەمبكرێت.
بۆ ئەوەش پێویستە لە سێ ژەمە ئاساییەكەی ڕۆژانەدا گرنگییەكی
زۆر بە خواردنی سەوزە و میوە بدرێت، بەتایبەت ئەوانەی بڕێكی زۆر ئاو لە پێكهاتەكەیاندا
هەیە، هەروەها خواردنەوەی شیر و ئاو بەشێوەیەكی بەردەوام زۆر گرنگە بۆ شێداركردنی
قژ و پێست، ئەمە جگە لە گرنگی بەركارهێنانی ماسك و كرێمە تایبەتەكان بە تایبەت جۆرە
سروشتییەكان، ئەمەش وادەكات قژ و پێست جوانتر و سەرنجڕاكێشتر دەربكەوێت.
597 جار خوێندراوەتەوە