بەپەلە

ئەگەر پارشێوان برنج و شلە دەخۆیت، ئەم هەواڵە بخوێنەرەوە

03:14 - 07/05/2020
تەندروستی

بەشێكی ڕۆژوەوانان بەتایبەت لەهەرێمی كوردستان، برنج و شلە بۆ ژەمی پارشێو ئامادە دەكەن، یاخود ئەو چێشتەی ئێوارە هەیانبووە، لەو ژەمەدا گەرمی دەكەنەوە، پسپۆڕانی تەندروستیش رونكردنەوەی خۆیان هەیە و باس لە كاریگەرییەكانی خواردنی برنج و شلە دەكەن.

برنج یەكێكە لەو خۆراكانەی دەوڵەمەندە بە كاربۆهیدرات، بۆیە هەرسكردنی كاتێكی زۆری دەوێت، بەو پێیەی ئەو كەسانەی بەڕۆژو دەبن دوای خواردنی ژەمی پارشێو ڕاستەوخۆ دەخەون، بۆیە خواردنی برنج لەو ژەمەدا باش نییە و كێشە بۆ كۆئەندانی هەرس دروست دەكات و كاریگەری لەسەر هەستی تینوێتیش دەبێت.

سەبارەت بە سودی خواردنی برنج لە پارشێودا پسپۆڕانی تەندروستی باس لەوە دەكەن، ئەو خۆراكە وزەیەكی زۆر بەلەش دەبەخشێت و وادەكات كەسی ڕۆژوەوان بۆ ماوەیەكی زۆر هەست بە برسێتی نەكات، بەڵام نابێت لەبەر ئەم سودە، زیانەكانی دیكەی پشتگوێ بخرێت.

لەبارەى خواردنی شلە، پسپۆڕەكان ئاماژە بەوە دەكەن، ئەو شلانەی بە سەوزە ئامادە دەكرێت خواردنیان تا ڕادەیەك ئاساییە، بەو مەرجەی بە بڕێكی زۆری چەوری و ڕۆن ئامادە نەكرابێت، هەروەها ئەگەر شلەكە گۆشتی تێدابوو، باشترە نەخورێت، چونكە گۆشت یەكێكە لەو خۆراكانەی هەرسكردنی كاتێكی زۆری دەوێت، كاتێك ڕۆژوەوانیش بەسەریدا دەخەوێت زیانی بۆی دەبێت.

جگە لە برنج و شلە توێژینەوە پزیشكییەكان دەریانخستووە، خواردنی سورەوەكراو و سوێر و هەویرەمەنییەكان زیانیان هەیە و باشترە لە ژەمی پارشێودا نەخورێن.

لەبەرامبەردا ئەو خۆراكانەی سودیان بۆ ئەو ژەمە هەیە و گرنگن، بریتین لە شیرەمەنییەكان هەروەها سەوزە و میوە و چەرەساتەكان.



23562 جار خوێندراوەتەوە