ئەمەریكا پێشوازی لە پێكھێنانی
كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق دەكات و 120 رۆژی دیكەشی وەك مۆڵەت دایە عێراق بۆ
مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی
بۆ ئەوەکردووە، مایك پۆمپێیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و مستەفا كازمی سەرۆك
وەزیرانی نوێی عێراق، پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە، لە پەیوەندییە
تەلەفۆنییەكەدا ئەمەریكا پێشوازی لە پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق كردووە
و پاڵپشتیشی بۆ كازمی دووپاتكردووەتەوە.
باسی لەوەشکردوە، وەك پێدانی دەرفەتێك بۆ سەركەوتنی
كابینەكە، ئەمەریكا 120 رۆژی دیكەی مۆڵەت بەخشیوەتە حكومەتی عێراق، بۆ مامەڵەكردن
لەگەڵ ئێران و ھاوردەكردنی كارەبا و گازی سرووشتی لەو وڵاتە، ئەوەش دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو ئەو وڵاتە ڕایگەیاند بۆ جاری کۆتایی مانگێکی دیکە مۆڵەتی مامەڵەکردنی عێراق و ئێرانیان درێژ کردۆتەوە.
دوای زیاتر لە پێنج مانگ
ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق شەوی ڕابردوو،
پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکی نائاساییدا متمانەی بەخشیە کابینە وەزارییەکەی
مستەفا کازمی.
653 جار خوێندراوەتەوە