ئەوانەی قۆڵۆنیان هەیە پێویستە ئەم ڕێنماییانە لە ڕەمەزاندا جێبەجێ بکەن

KNN : Kurdish News Network
03:00 - 02/05/2020
تەندروستی
+
-

قۆڵۆن نەخۆشییەكی باو و بڵاوە لە جیهاندا، خراپی سیستمی خۆراكیی هۆكاری سەرەكی تووشبوونە بەو نەخۆشییە، قۆڵۆن لە هەندێك كاتدا ئازارێكی زۆری هەیە لەگەڵ هەڵاوسانی سك‌ و غازات ‌و كێشەی هەرس.

مانگی ڕەمەزان هەلێكە بۆ ڕزگاربوون لەم نەخۆشییە، بەڵام ئەم دەرفەتە پەیوەستە بەو سیستمە خۆراكییەی مرۆڤ هەیەتی.

نیشانەكانی قۆلۆن

 

 دروستبوونی ئازار لە بەشی سەرەوەی سك، هەروەها هەستكردن بە سووتانەوەی سنگ ‌و سك، تێربوون پێش تەواوبوونی ژەمە خۆراكەكەت ‌و هەڵاوسانی سك‌ و دروستبوونی دەنگ لەناو گەدەدا‌ و دڵ تێكەڵهاتن، لە دیارترین نیشانەكانی نەخۆشییەكەن.

بۆئەوەی سنوورێك بۆ تووشبوون بەم حاڵەتە دابنێیت، لە سەرەتادا پێویستە لە چەند خۆراكێك دووربكەویتەوە، بەتایبەت بیبەری تیژ و ئەو خواردنانەی بڕێكی زۆر بەهاراتیان تێدایە، لەگەڵ خواردنە سورەوەكراو و چەور و قورسەكان.

نەخواردنی سیر، پیاز، تور ‌و كەلەرم بەكاڵیی بە سەرجەم جۆر و شێوازەكانیانەوە، دووركەوتنەوە لە خواردنەوە گازییەكان ‌و پاقلەمەنییەكان ‌و بەشێك لە بەروبومە شیرەمەنییەكان.

لە بەرامبەردا چەند جۆرێكی خۆراك هەن كە یارمەتیدەرن بۆ كەمبوونەوەی نیشانەكانی قۆڵۆن ‌و ئەو ئازارەی نەخۆشییەكە دروستی دەكات، ئەوانیش:

1/ زەنجەبیل جۆرە زەیتێكی تێدایە كە دەتوانێت چارەسەربێت بۆ نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەرس، هەروەها یارمەتی نەمانی هەوكردنی دیواری قۆڵۆن دەدات.

2/ شۆفان سەرچاوەیەكی سەرەكیی ماددە ڕیشاڵییەكانە، كە قۆڵۆن زۆر پێویستی پێیەتی بۆ كەمبوونەوەی ئازار.

3/ نەعنا جۆرە زەیتێكی تێدایە كە ماسولكەكانی قۆڵۆن خاودەكاتەوە و جوڵەیان ئاسان دەكات.

4/ سركەی سێوی سروشتی، بە تێكەڵكردنی كەوچكێك سركەی سێو لەگەڵ پەرداخێك ئاودا و خواردنەوەی دوای ژەمی بەربانگ دەبێتەهۆی خاوێنكردنەوەی قۆڵۆن لە پاشماوەی ئەو خۆراكانەی تێیدا بەجێماوە.

5/ خۆراكە دەوڵەمەندەكان بە ئۆمیگا 3، ماسییەكانی سەلەمون ‌و سەردین دەوڵەمەندن بەو چەورییە و سوودێكی زۆریان بۆ قۆڵۆن هەیە.

6/ ئەو بەرهەمانەی لاكتۆزیان تێدا نییە، بەرهەمە شیرەمەنییەكان بەشێوەیەكی گشتی زیانیان بۆ ئەو كەسانە هەیە كە قۆڵۆنیان هەیە، بۆیە دەكرێت پشت ببەستن بە شیری برنج، پەنیری فیتا كە دەكرێتە زەڵاتەوە ‌و لەگەڵ سەوزەكاندا دەخورێت.

7/ چەند جۆرێكی میوە وەك؛ كیوی ‌و كاڵەك‌ و شوتی ‌و شلك ‌و پرتەقاڵ.

8/ چەند جۆرێكی سەوزەكان وەك، كاهو، گێزەر، خەیار، شێلم، پەتاتە و باینجان.

9/ هێلكە یەكێكە لەو خۆراكانەی هەرسكردنی زۆر ئاسانە، بۆیە كاریگەریی خراپی بۆ قۆڵۆن نابێت.

چەند ڕێنماییەكی گرنگ بۆ ئەوانەی نەخۆشیی قۆڵۆنیان هەیە

 

 ئەوانەی تووشبووی قۆڵۆنن ‌و ئازارێكی زۆریان هەیە، دەبێت گرنگیی بە زۆرباش جوینی ئەو خواردنە بدەن كە دەیخۆن، هەروەها لە نێوان بەربانگ ‌و پارشێودا بڕێكی زۆر ئاوبخۆنەوە، بەڵام باشترە ئاو خواردنەوەكە لە دوای ژەمە خۆراكەكان بێت ‌و لەكاتی خواردندا ئاو نەخۆنەوە، ئەوەش بۆ باشتر ڕێكخستنی جوڵەی قۆڵۆن، هەروەها كاتەكانی خەویان بە جۆرێك ڕێكبخەن كە 2 بۆ 3 كاتژمێر دوای نانخواردن بێت بۆئەوەی جوڵەی قۆڵۆنیان نەوەستێت.

16615 جار خوێندراوەتەوە