بەشێكی ڕۆژوەوانان لە ڕۆژانی مانگی ڕەمەزاندا هەستی تەمەڵیی و كەم توانایی
بەسەریاندا زاڵدەبێت و لە هەندێك حاڵەتدا كاریگەرییەكەی بەجۆرێك دەبێت ناتوانن
كاروباری ڕۆژانەیان راپەڕێنن.
پسپۆڕانی تەندروستی چەند ڕێگایەكی ئاسانیان دیارییكردووە، كە لە ڕێیەوە دەتوانیت
كۆنتڕۆڵی ئەو حاڵەتە بكەیت بەبێ ئەوەی كاریگەریی نەرێنی لەسەر كارەكانت هەبێت و
تووشی بێزاریت بكەن.
ڕێنماییەكان بریتین لە:
1/ شۆردنی دەموچاو دوای لە خەوهەڵسان بە ئاوی سارد، چونكە ئەو جۆرە ئاوە وریاكەرەوەیە
و چالاكیت پێدەبەخشێت و وات لێدەكات كارەكانت بە ڕێكیی ئەنجام بدەیت.
2/ كەمخەویی دەبێتەهۆی ماندوبوونی جەستە و لەش داهێزران، بۆیە هەوڵبدە ڕۆژانە
كاتی خەوتنت گونجاو بێت و نزیكەی هەشت كاتژمێر بێت.
3/ جۆری ئەو خواردنانەی دەیخۆیت كاریگەریی لەسەر وزەو چالاكییەكانت هەیە، بۆیە
دەبێت دوور بكەویتەوە لە خواردنە چەور و قورسەكان و خواردنە سورەوەكراوەكان، بەتایبەت
لە ژەمی پارشێودا، چونكە ئەو ژەمە كاریگەریی لەسەر چالاكییەكانی مرۆڤ هەیە و هۆكارە
بۆ هەستكردن بە ماندوێتی و تەمەڵی.
4/ جوڵەی زۆر پاڵ بە بڕێكی زۆری خوێنەوە دەنێت بۆ ئەندامەكانی لەش، بەوەش
مرۆڤ چالاكتر دەبێت و هەست بە لاوازیی و كەمتوانایی ناكات، بۆنمونە؛ ئەگەر شوێنی
كار یان ماڵەكەت لە نهۆمەكانی سەرەوەی بینایەكە باشترە لە بری ئاسانسوار قادرمەكان
بەكاربهێنیت.
5/ ئەنجامدانی ڕاهێنانە وەرزشییەكان بەتایبەت ڕۆیشتن بەپێ، یەكێكە لە ڕێگا
خێراكان بۆ بەخشینی وزە بە جەستە.
6/ پلاندانان بۆ چۆنیەتی ڕێكخستنی كاتەكانت لە ڕۆژانی ڕەمەزاندا یارمەتیدەر
دەبێت بۆ ئەوەی زاڵبیت بەسەر تەمەڵیداو كاروبارەكانت لەكاتی خۆیدا ڕاپەڕێنیت.
7/ ئاو خواردنەوە لە ماوەی نێوان بەربانگ تا پارشێو زۆر گرنگە و كاریگەریی
لەسەر چالاكییەكانی ڕۆژی داهاتووت دەبێت، بۆیە پێویستە هەركەسێك لە نێوان بەربانگ و
پارشێودا زیاتر لە 8 پەرداخ ئاو بخواتەوە.
8/ گرنگیدان بە خواردن و خواردنەوەی ئەو خۆراكانەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین و
ماددە ڕیشاڵییەكان بە تایبەت بۆ ژەمی پارشێو، چونكە ئەو خۆراكانە یارمەتی
چالاككردنی مێشك دەدەن بۆ زاڵبوون بەسەر لاوازی و تەمەڵیی، دیارترین ئەو خۆراكانەش
بریتین لە؛ شیر، سێو، مۆز، شەربەتی پرتەقاڵ و لیمۆ.
968 جار خوێندراوەتەوە