هاوردەکردنى ئۆتۆمبێل رادەگیرێت

KNN : Kurdish News Network
11:18 - 01/05/2020
عێراق
+
-

لەسەر داواى لیژنەى دارایى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، هاوردەکردنى ئۆتۆمبێل بۆ ماوەى شەش مانگ رادەگیرێت.

هەیسەم جبوری سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لیژنەکەیان چەند پێشنیارێکى بۆ تێپەڕاندنى ئەم دۆخە داراییە کردوە کە ئێستا عێراقى پێدا تێدەپەڕێت، یەکێک لە پێشنیارەکانیش راگرتنی هاوردەكرنی ئۆتۆمبێلە بۆ ماوەی شەش مانگ، كە لە ئێستادا ئەنجومەنی وەزیران بڕیارەكەی دەركردوە.

ئاماژەى بەوەکرد، لەئێستادا عێراق بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەران پێویستی بە زیاتر لە سێ ترلیۆن دینار هەیە، بەڵام بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و لێکەوتەى ئەو قەیرانانەى بەهۆى كۆرۆناوە دروستبوون، داهاتی عێراق بۆ کەمتر لە دوو ترلیۆن دینار دابەزیوە.
سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشى خستەڕوو، کە بۆ پڕکردنەوەى ئەو کورتهێنانە پێویستیان بە گرتنەبەرى چەند رێکارێک هەیە.

وتیشى لە ئێستادا دوو پێشنیارى بە پەلەیان خستوەتە بەردەم ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق، کە یەکێکى دیکە لە پێشنیارەکان کەمکردنەوەى موچەى پلە باڵاکانە، کە بڕیارەکە هەرسێ سەرۆکایەتیەکەى عێراق و پەرلەمانتاران و پلە باڵاکانیش دەگرێتەوە.

5226 جار خوێندراوەتەوە