توێژینەوەیەكی پەیمانگای پزیشكیی زیندەگیی لە زانكۆی مۆناشی ئوسترالیا كە لەسەر دەرمانێك بە ناوی ئێڤەرمكتین (Ivermectin) ئەنجام دراوە ئەنجامی دڵخۆشكەری هەبووە بۆ چارەسەری ڤایرۆسی كۆرۆنا.
بەپێی توێژینەوەكە، بەكارهێنانی چەند سیسییەك لەو دەرمانە دەبێتە هۆی وەستاندنی گەشەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەناو خانەكانی لەشدا.
د.كایڵی واگستاڤ، پسپۆڕ لە پەیمانگای پزیشكیی زیندەگیی لە زانكۆی مۆناشی ئوسترالیا دەڵێت، بڕێكی كەم لەو دەرمانە دەتوانێت سەرجەم ترشی ناوەكیی ڤایرۆسەكە لە ماوەی 48 كاتژمێردا لەناو بباتو ڤایرۆسەكە بوەستێنێت، بەڵام تائێستا دیارنییە دەرمانەكە چۆن كاردەكاتو ڤایرۆسەكە لەناو دەبات.
ماڵپەڕی 7 نیوزی ئوستورالی دەڵێت، هەنگاوی داهاتووی پسپۆڕە پزیشكییەكان دیاریكردنی ئەو بڕەی دەرمانەكەیە كە پێویستە بۆ نەخۆشێك بەكار بهێنرێت، بۆئەوەی دڵنیا ببنەوە لەوەی بڕێك بۆ نەخۆشەكە بەكاربهێنرێت كە ژیانی نەخاتە مەترسییەوە.
د. واگستاڤ ئەوە دەخاتە ڕوو، ئیدارەی خۆراكو دەرمانی ئوستورالیا مۆڵەتی بەكارهێنانی ئەو دەرمانەی پێداون، هەر لە تاقیگەشدا بۆیان دەركەوتووە چارەسەرەكە دژی ڤایرۆسی نەخۆشیی ئایدزو تای زینكو ئەنفلۆنزایە.
ئەو هەوڵەی ئوستورالییەكان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری كۆرۆنا، لە كاتێكدایە ڤایرۆسەكە لە دونیادا بەردەوامە لە بڵاوبوونەوەو ڕۆژانە هەزاران تووشبووی نوێ تۆمار دەكرێنو گیان لەدەستدانی سەدان كەس ڕادەگەیەنرێت.
هێشتا هیچ چارەسەرێك بۆ كۆرۆنا نەدۆزراوەتەوە، بەڵام ناوەندە تەندروستییەكان لە وڵاتانی پێشكەوتوو سەرقاڵی دۆزینەوەی چارەسەرنو بودجەی زەبەلاح بۆئەو مەبەستە تەرخان كراوە.
بەهۆی مەترسیی ڤایرۆسەكەوە ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانیی بۆ پێنجەم جار لە مێژووی خۆیدا باری نائاسایی لە سەرتاسەری دونیادا ڕاگەیاندووە.
6155 جار خوێندراوەتەوە