بەم شێوەیە ماڵەكەت لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەدوور بگرە

01:32 - 25/03/2020
هەمەڕەنگ

بەپێی ئەو ڕێنماییانەی دەزگا تەندروستییەكانی جیهان بڵاویان كردۆتەوە، بۆ خۆپارێزی لەكۆرۆنا پاكوخاوێنی ڕۆڵی سەرەكی هەیە بەتایبەت خاوێنی خود هەروەها ماڵ و ئوتومبێل و جلوبەرگ.

 

 
ئەوەی بۆتە پرسیاری هەمووان، چۆنێتی پاراستنی پاكوخاوێنییە بەڕێگایەكی دروست و بۆ ئەوەی هەمووان لە مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا پارێزراوبن.

 

نیویۆرك تایمز كە ڕۆژنامەیەکی ئەمریكییە و لەسەر ئاستی دنیا بەناوبانگە، لەڕێی چەند پسپۆڕێكەوە وەڵامی ئەو پرسیارانەی داوەتەوە كە هاوڵاتیان لەبارەی پاراستنی خاوێنی ناوماڵەوە لایان دروستبووە، پرسیار و وەڵامەكانیش بەم شێوەیە بوون:

1- چەند جار پێویستە ناوماڵە خاوێن بكرێتەوە؟

- بەشێوەیەكی ڕۆژانە و بەردەوام و ڕێخراو.

2- دەتوانرێت دەسڕی تەڕ بۆ خاوێنكردنەوە بەكاربهێنرێت؟

- بەڵێ، بەو مەرجەی ئەو جۆرە دەسڕەی بەكاردێت تایبەت بێت و 99.9% ڤایرۆس و میكرۆبەكان لەنابەرێت.

3- ئەگەر دەسڕی تەڕ و ماددەی تایبەتی پاكەرەوە لەماڵەوە نەبوو، چی بەكاربهێنرێت؟ 

- لەكاتی نەبونی پاكەرەوەی تایبەت پێویستە پشت بە ئاو و سابون ببەسترێت، ڕاستە هەموو میكرۆبێك لەناو نابات، بەڵام دەتوانێت ڤایرۆسی كۆرۆنا بكوژێت و چەندین میكرۆب و بەكتریای زیان بەخش لەناودەبات كەلەسەر كەلوپەلە جیاوازەكانی ناوماڵ دەنیشن.

4- مەبەست لەو شوێنانەی ناوماڵ چییە كە زۆرترین بەكارهێنیانیان هەیە؟

- چەند شتێك هەیە لەناوماڵدا كە دەستی سەرجەم ئەندامالنی خێزان و تەنانەت ئەو میوانانەشی بەردەكەوێت كە سەردانت دەكەن وەك (دەسكی دەرگا، پلاك، دەرگای ساردەكەرەوە و مایكرۆوەیڤ و بەراد، كۆنترۆڵی تەلەفزیۆن و ئامێرەكانی دیكە، مێز و تەپڵەكی ژوورە جیاوازەكان، چەكمەجە، بەلوعە)

5- پێویستە تا چەند وردبین لە خاوێنكردنەوەدا؟

- پێویستە گرنگییەكی زۆر بە خاوێنكردنەوەی دەسكی دەرگا و ئەو شتانەی دیكە بدرێت كە دەستی هەموو كەسێكی بەردەكەوێت ئەو كردارەش زۆر بە وردی لەڕێی بەكارهێنانی دەسڕی تەڕ و سپڕای خاوێنكەرەوە و پاكەرەوەكانی دیكەوە ئەنجام بدرێت.

پرۆفیسۆر كریسی ودز بەڕێوبەری تەندروستی بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشی لە نەخۆشخانەی ماونت سینای وێست لە نیویۆرك دەڵێت "پێویستە هەر كەسێك كاتێك دەگەڕێتەوە ماڵەوە ڕاستەوخۆ دەستی بشوات، ئەو شوێنانەش پاك بكاتەوە گە بەردەوام دەست بەریان دەكەوێت، ئەم ڕێنماییە بۆ هەموو كاتێك گرنگە نەك تەنها بۆ سەردەمی كۆرۆنا".

6- ئایا لەكاتی خاوێنكردنەوەدا پێویست بە بەكارهێنانی دەستكێش دەكات؟

- باشترە بۆ پرۆسەی خاوێنكردنەوەی دەستكێش لەدەست بكرێت، ئەگەر كەسێكیش بەوە ڕانەهاتبێت، دەبێت پێش و پاش خاوێنكردنەوە دەستی جوان بە ئاو و سابون بشوات.

7- ئایا ئەو دەستكێشانە بۆ خاوێنكردنەوەی بەكاردەهێنرێن دەتوانرێت بشۆرێت؟

- ئەو دەستكێشانەی دەشۆرێن دەبێت لەو جۆرانە نەبن كە هاوشێوەی پزیشكییەكانە، چونكە ئەوانە تەنها بۆ یەك جار بەكاردەهێنرێت، هەروەها پێویستە ئەو دەستكێشەی بۆ خاوێنكردنەوەی ماڵ بەتایبەت گەرما و تەوالێت بەكاردێت، جیاوازبێت لەو دەستكێشانەی بۆ قاپ شتن بەكاردێن.

8- چۆن ماڵەكەت بۆ ماوەیەكی درێژ بە خاوێنی ڕادەگریت؟

- لەگەڵ گەشتنە ماڵ پێڵاو و قەمسەڵە لە نزیك دەرگاكە دادەكەنرێت، دواتر دەست بۆ ماوەی 20 چركە جوان بە ئاو و سابون دەشۆردێت، بۆ ئەوەی دەست لە هەر كەلوپەلێكی دیكە درا بە خاوێنی بمێنێتەوە.

1769 جار خوێندراوەتەوە