سیل یەكێكە لەو نەخۆشیانە كە لە ڕێگەی جۆرە میكرۆبێكی چیلكەییەوە توشی مرۆڤ دەبێت، لە زۆرینەی حاڵەتەكانیشدا، میكرۆبەكە لە سییەكاندا گەشە دەكات.
بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری زیاتر لەبارەی سیل و ئەو مەترسییانەی لەسەر ژیانی كەسێك دروستی دەكات، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بەهاوكاری نەتەوە یەكگرتووەكان، 24 ئازاری هەموو ساڵێكی وەك ڕۆژی جیهانیی نەخۆشی سیل دیاریكردووە.
یادی ئەمساڵ لەژێر ناونیشانی (ئێستا كاتی كاركردنە، ئێستا كاتی كۆتایهێنانە بە سیل) دەبێت، مەبەست لێشی كاركردنی بەردەوامە بۆ نەهێشتنی نەخۆشی سیل بەو پێیە كاریگەری لەسەر لایەنەكانی تەندروستی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و چەند لایەنێكی دیكە دەبێت.
بەپێی دواین ڕاپۆرتی تەندروستی جیهانی ژمارەی قوربانیانی سیل لە ساڵی 2018 بۆ ملیۆنێك و 500 هەزار كەس دابەزیوە، توشبووانیش بۆ 10 ملیۆن كەمبۆتەوە.
پسپۆڕانی نەخۆشییەكە باس لەوە دەكەن، ئەو كەسانەی میكرۆبی سیل دەچێتە لەشیانەوە هیچ نیشانەیەكیان تێدا دەرناكەوێت، چونكە میكرۆبەكە دەتوانێت لە هەموو بارودۆخێكدا بژی، بەڵام كاتێك كۆئەندامی بەرگری لەش لاواز دەبێت ،جا بەهۆی نەخۆشیەوە بێت یان هەڵكشانی تەمەن، ئەوا نیشانەكانی سیل دەردەكەوێت.
میكرۆبی سیل لە ڕێی هەواوە دەگوێزرێتەو، بەتایبەت ئەگەر تێكەڵاویەكی زۆر لەگەڵ كەسێكی توشبوو بەم نەخۆشییە هەبێت.
سەبارەت بە نیشانەكانی پسپۆڕەكان دەڵێن "كۆكەیەكی توند كە ماوەی چەند هەفتەیەك دەخایەنێت و دڵ تێكەڵهات و ڕشانەوە لە دیارترین نیشانەكانین"، هەروەها بەرزبونەوەی پلەی گەرمی لەش و ئارقكردنەوەیەكی زۆر لە شەواندا، لەگەڵ دابەزینی كێش و نەمانی حەزی خواردن.
نەخۆشی سیل لەڕێی ئەنجامدانی چەند پشكنینێك و ێنە گرتنی تیشكییەوە دەست نیشان دەكرێت , لەگەڵ بونی دەرمانی تایبەت بە چارەسەركردنی ئەم نەخۆشییە بەڵام ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیانی جیهان توشی ئەم نەخۆشییە دەبن.
843 جار خوێندراوەتەوە