ئەمڕۆ یادی پێنج رۆژی جیهانیی دەكرێتەوە

KNN : Kurdish News Network
09:16 - 21/03/2020
هەمەڕەنگ
+
-

ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ بابەتە جیاوازەكان چەندین ڕۆژی دیاری كردووە، كە بە ڕۆژە جیهانییەكان ناسراوە و مەبەست لێی گرنگیپێدانی زیاترە بەو بابەتانە لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان.

 

21ی ئازار كە یەكەم ڕۆژی وەرزی بەهارە یەكێكە  لەو ڕۆژانەی كە بۆ پێنج بابەتی جیاواز دانراوە، دەشتوانرێت بوترێت ئەوە تاكە ڕۆژی ساڵە لە ساڵنامەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا كە بۆ پێنج یادكردنەوەی جیاواز دیاریكرابێت.


بۆنەكان سەرجەمیان گرنگی خۆیان هەیە و لەلایەن وڵاتانەوە بە شێوازی جیاواز یادیان دەكرێتەوە و چالاكی جۆراوجۆر بەو بۆنەیەوە ئەنجام دەدرێت، ئەوانیش بریتین لە:

 

1-ڕۆژی نێودەوڵەتی نەورۆز: لای هەمووان ئاشكرایە نەورۆز یەكێكە لەو جەژن و بۆنانەی جگە لە گەلی كورد چەند نەتەوە و وڵاتێكی دیكە یادی دەكەنەوە و گرنگی پێدەدەن، ئەوەش وای لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە لە ساڵی 2009وە نەورۆز بخاتە بۆنە كلتورییەكان جیهانەوە ساڵی دواتریش وەك بۆنەیەكی نێودەوڵەتی دیاری كردووە.


ڕێكخراوەكە لەسەر ماڵپەڕی فەرمی خۆی ڕایگەیاندووە، نەورۆز مێژووەكەی بۆ سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و زیاتر لە 300 ملیۆن كەس یادی دەكەنەوە كە جگە لە گەلی كورد و فارس، خەڵكی وڵاتانی (ئازەربایجان، ئەلبانیا، مەقدۆنیا، ئەفغانستان، هیندستان، تاجیكستان، قرغیزستان، كازاخستان)ن.

2-ڕۆژی جیهانیی جیاكاری ڕەگەزی: یەكێك لەو كێشانەی بەشێكی وڵاتان لە كۆن و ئێستاشدا بەدەستێوە دەناڵێنن جیاكاری ڕەگەزییە، كەمەبەست لێی جیاوازی كردنە لەنێوان ئەو تاكانەی لەچوارچێوەی وڵاتێكدا دەژین، ئەو جیاكارییەش لەڕووی نەتەوە و ئایین و ڕەگەز و تەنانەت شێوە و ڕەنگی پێست و چەند بابەتێكی دیكە دەگرێتەوە.


مەبەست لەدیاریكردنی ڕۆژەكە ڕوبەرووبونەوەی حاڵەتەكانی جیاكاری ڕەگەزییە كە تا ئێستا لەچەندین وڵات پەیڕە و دەكرێت و ملیۆنان كەسیش بەهۆیەوە بونەتە قوربانی ڕوبەڕووی ئازار ئەشكەنجە بونەتەوە و لە مافە سەرەتاییەكانیان بێبەشكراون.


3- ڕۆژی جیهانیی شیعر: بەشێكی سەرەكی و و گرنگی لایەنی ئەدەبی هەر وڵاتێك شیعرە، كە مێژوویەكی دێرینی هەیە و لە تەواوی سەردەمە جیاوازەكاندا هەڵگری پەیام و مەبەستی خۆی بووە، ئەوەش كاریگەری لەسەر تەواوی مرۆڤایەتی دروستكردووە.


بەهۆی گرنگی شیعر و ڕۆڵ و كاریگەری شاعیران، ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 1999 وە 21ی ئازاری وەك ڕۆژی جیهانیی شیعر دیاریكردووە و بەو بۆنەیەشەوە لە وڵاتانی جیهان چەندین چالاكی جیاواز ئەنجامدەدرێت.


4- ڕۆژی جیهانیی نەخۆشی داون: نەخۆشی داون بە بڵاوترین جۆری نەخۆشی كرۆمۆسۆنی دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهان و بەهۆی كێشەیەك لە كرۆمۆسۆمی ژمارە 21 توشی كۆرپە دەبێت و لەگەڵ لەدایكبونیدا كاریگەرییەكەی بەسەر شێوە پێكهاتەی سەر و دەم و ددان و ڕوخسار و ئەندامەكانی دیكەیەوە دەردەكەوێت.


بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كەسێك لە كۆی هەزار بۆ هەزار و 100 كەس بە حاڵەتی داون لەدایك دەبێت، واتە ساڵانە نزیكەی سێ بۆ پێنج هەزار كەسی داون لەدایك دەبن.


بۆ گرنگیدانی زیاتر بەو كەسانەی نەخۆشییەكەیان هەیە، ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 2011وە ڕۆژێكی بۆ دیاریكردوون و ساڵی 2012 بۆ یەكەمجار یادەكە كرایەوە، بۆ ئەمساڵیش لەژێر ناونیشانی (ئێمە بڕیار دەدەین) یادی دەكرێتەوە، كە مەبەست لێی دەستەبەركردنی سەرجەم مافەكانی ئەو كەسانەیە كە پێوە دەناڵن، هەروەها بەشداری پێكردنیان لە كار و چالاكییە جۆراوجۆرەكاندا.

5-ڕۆژی جیهانیی دارستان: ڕێكخراوی فاو سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان 21یی ئازاری هەموو ساڵێكی وەك ڕۆژی جیهانیی دارستان دیاریكردووە، ئەوەش بەهۆی ئەو گرنگی و كاریگەرییەی لەسەر ژیانی مرۆڤ و گیاندار و زیندەوەرانی دیكەی سەر زەوی هەیەتی.


دارستان سێ یەكی ڕووبەری وشكانی سەر زەوی پێكدەهێنێت و چەندین ئەركی زیندەگی هەیە لەتەواوی جیهاندا، هەروەها زیاتر لە ملیارێك و 500 ملیۆن كەس پشتی پێدەبەستن بۆ دەستخستنی خواردن و دەرمان و پێداویستییەكانی دیكەیان، تەنانەت بۆتە شوێنی نیشتەجێبوونیش بۆ ژمارەیەكی زۆریان.


دارستانەكان سیستمێكی ئیكۆلۆجی هەمەچەشنن لەسەر زەوی و 80% جۆرە جیاوازەكانی گیاندار و ڕووەك و میرووەكانی تێدا دەژین، ئەمە جگە لە سودەكانی لە بوارەكانی ئابوری و ژینگەی و كۆمەڵایەتی، هەروەها سودی بۆ تەندروستی كە ئەژمار ناكرێت.


لەئێستادا لەناوبردنی دارستانەكان و گۆڕینیان لە ئاستێكی مەترسیداردایە، ئەمە جگە لەوە بەشە زۆرەیان كە بەهۆی ئاگراوە سوتاون، بۆیە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی جیهان كە لە بوارە جیاوازەكاندا كاردەكەن بە تایبەت  ژینگەییەكان، داوای گرنگیدانی زیاتر بە دارستانەكان و دانانی سنورێك بۆ لەناوبردنیان دەكەن چونكە مەترسی لەسەر تەواوی ژیانی مرۆڤایەتی دروست دەكات.

745 جار خوێندراوەتەوە