ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی دڵخۆشییە

KNN : Kurdish News Network
08:38 - 20/03/2020
هەمەڕەنگ
+
-

هەستی دڵخۆشی یەكێكە لەو دۆخە تایبەتانەی كەسێك یاخود كۆمەڵ و گروپێگ پێیدا تێپەڕدەبن، بەهۆی ڕووداوێك بێت یان هەربابەتێك كە ئەو هەستەی دروست كردبێت.

بەهۆی ئەو گرنگییەی دڵخۆشی بۆ هەر كەسێك هەیەتی، ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە (2013)ـەوە 20ی ئازاری هەموو ساڵێكی وەك ڕۆژی جیهانیی دڵخۆشی دیاری كردووە.

دیاریكردنی ئەو ڕێكەوتە لەسەر داوایەكی وڵاتی بووتان بووە، ئەوەش لەبەرئەوەی دڵخۆشیی یەكێكە لە ئامانجە نیشتمانییەكانی ئەوان.

لەو ڕۆژەدا چەندین چالاكیی لە وڵاتە جیاوازەكان ئەنجام دەدرێت كە تێیاندا هەستی دڵخۆشیی زیاتر بە تاكەكان دەبەخشن.

یادەكە هەر ساڵەی لەژێر ناونیشانێكدا دەكرێتەوەو بۆ ئەمساڵ بریتییە لە؛ دڵخۆشیی بۆ هەمووان تا هەمیشە.

ڕاپۆرتێكی ساڵی (2019)ى تۆڕی چارەسەری گەشەپێدان كە سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكانە، بە گرنگییەوە لە دیاریكردنی ڕۆژێك بۆ دڵخۆشیی دەڕوانێت‌ و ئەوەی خستووەتە ڕوو، دان پێدانان بەوەها ڕۆژێكدا یەكێكە لە ئامانجەكانی سیاسەتی گشتیی.

تۆڕی چارەسەری گەشەپێدان لە ڕاپۆرتەكەیدا باسی لە ئاستی دڵخۆشیی كردووە لە (156) وڵاتداو تیشكی خستووەتەسەر شەش گۆڕانكاریی كە كاریگەرییان لەسەر دڵخۆشیی هەیە، ئەوانیش؛ داهات، ئازادی، ئاستی گەندەڵی، ناوەندی تەمەن، پاڵپشتی كۆمەڵایەتی و ڕێزگرتن لە كۆمەڵگەدا.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، فینلەندا بۆ دووەم ساڵ لەسەر یەك بە دڵخۆشترین وڵات دانراوەو بەدواشیدا دانیمارك ‌و نەرویج لە پلەی دووەم‌ و سێیەمدا دێن.

وڵاتانی عەرەبی ‌و لەناویاندا عێراق لە پلەكانی دواوەدان لە بارەی ئاستی دڵخۆشیی، ئەوەش لەبەر ئەو كێشە و قەیرانانەی لەو وڵاتانەدا هەیە، وەك؛ جەنگ ‌و خراپیی دۆخی دارایی ‌و گەندەڵیی.

بەپێی ئەو توێژینەوە پزیشكییانەی لەبارەی دڵخۆشیی ئەنجام دراون، دەركەوتووە ئەو هەستە هۆكارە بۆ دووربوونی مرۆڤ لە چەندین نەخۆشیی‌ و كاریگەریی هەیە لەسەر درێژبوونی تەمەن، بۆ هەندێك نەخۆشییش پزیشكان ڕێنمایی نەخۆشەكان دەكەن ئەو كارانە ئەنجام بدەن كە پێی دڵخۆش دەبن، بەتایبەت پێكەنین وەك یەكێك لە نیشانەكانی دڵخۆشیی بە چارەسەر بۆ چەندین گرفت ‌و كێشەی دەروونی دادەنرێت.

822 جار خوێندراوەتەوە