ئەگەر لەماڵەوە بێزاریت خۆت بەم كارانەوە سەرقاڵ بكە

KNN : Kurdish News Network
09:50 - 17/03/2020
هەمەڕەنگ
+
-

لەبەشێكی جیهان بە هەرێمی كوردستانیشەوە، قەدەغەی هاتوچۆ وەك ڕێكارێك بۆ ڕێگری لە زیاتر بڵاوبونەوەی كۆرۆنا گیراوەتە بەر، بەو هۆكارەش كەسانێكی زۆر بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك لەماڵەكانیان دەمێننەوە، ئەوەش ڕەنگە توشی بێزارییان بكات، بەتایبەت بۆ ئەوانەی پێشتر زۆرینەی كاتەكانیان لە دەرەوەی ماڵەوە بەسەربردووە.

 

 بۆ كەمكردنەوەی بێتاقەتی و بێزاری ئەو كەسانە چەند ئامۆژگارییەك خراوەتەڕوو، تا هاوڵاتیان لە ڕۆژانی قەدەغەی هاتوچۆدا خۆیانی پێوە سەرقاڵ بكەن و كەمێك هەست بە ئاسودەیی بكەن ئەوانیش بریتین لە:

1-     كڕینی ئاژەڵی هامستەر: ڕەنگە ئەم ئامۆژگارییە كەمێك نامۆ بێت، بەڵام هامستەر یەكێكە لەو ئاژەڵانەی پێویستی بە چاودێرییەكی زۆر نییە، كەشێكی خۆشت بۆ دەڕەخسێنێت، ئەگەر هەستت بە بێزاری كرد دەتوانیت قسەی لەگەڵدا بكەیت.

2-     كۆنتڕۆڵكردنی پەتایەكی جیهانیی لەڕێی جیهانی خەیاڵەوە: ئەمەیان تایبەتە بەو كەسانەی ئاشقی یارییە ڤیدیۆییەكانن، دەتوانن لەم چەند ڕۆژەدا كە لەماڵەوەن، یاری (Plague Inc) بكەن، كە باس لە بڵاوبونەوەی پەتایەكی جیهانی دەكات كە مرۆڤایەتی لەناودەبات.
هەرچەندە ئەم یارییە هەشت ساڵ لەمەوبەر بەرهەمهێنراوە، بەڵام دوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا چۆتە پێشەنگی ئەو یارییانەی زۆرترین داگرتنی بۆ دەكرێت.

یارییەكە هەرایەكی گەورەی لە چین ناوەتەوەو بەم دواییانە قەدەغەكراوە، هەرچەندە كۆمپانیای بەرهەمهێنەرەكەی ڕونكردنەوەیداوە كە یارییەكە هیچ بنەمایەكی زانستی نییە.

3-     ڕێكخستنی جلوبەرگ دڵخۆشت دەكات: زۆرینەمان حەزمان بە ڕێكخستن و چاككردنی دۆڵابی جلوبەرگەكانمان نییە، بەڵام ئەم كاتە زۆر گونجاوە بۆ ئەنجامدانی ئەو كارە، هەروەها جیاكردنەوەی ئەو كەلوپەلانەی پێویست نین و بەكارنایەن.
ماری كۆندۆ كە پسپۆڕی بواری ڕێكخستنی كەلوپەلەكانە ڕێنمایی خۆی هەیە بۆ ئەم بابەت و دەڵێت " تەنها ئەو كەرەستە و كەلوپەلانە بهێڵەرەوە كە هەستی دڵخۆشیت پێدەخشێت".

4-     بەڕۆژبوون: مانەوە بۆ ماوەیەكی زۆر لەماڵەوە ڕەنگە هۆكاربێت بۆ خواردنی بڕێكی زیاتر خۆراك بەتایبەت خواردنە ناتەندروستەكان، بۆ دووركەوتنەوە لەوەش دەتوانیت بەڕۆژبوون بۆ ماوەی 16 كاتژمێر تاقیبكەیتەوە كە هۆكار دەبێت بۆ دابەزاندنی كێش‌و سوودی دیكەشی هەیە.

5-     ناسینی دراوسێكان: لەم سەردەمەدا زۆر كەس دراوسێكانی ناناسێت یاخود لەكاتی بینینیاندا تەنها سڵاوێك دەكەن، بەڵام مانەوەی لەم كاتەدا لە ماڵەوە هەلێكە بۆ ناساینی زیاتری دراوسێكان، بەو مەرجەی تێكەڵاوییەكە بە جۆرێك نەبێت كە ترس و دڵەڕاوكێ دروست بكات، بەڵكو دەكرێت لە دووری چەند مەترێكەوە لە حەوشە یاخود باڵكۆن و سەربانی ماڵەكانەوە گفتوگۆ لەگەڵ یەكتردا بكەن.

6-     بەدوای نیشانەی نەخۆشییەكاندا مەگەڕێ: ئەگەر نیشانەكانی كۆرۆنات تێدا دەركەوت، ئەوا ڕێگە بدەن پزیشكەكان لەڕێی پشكنینەوە لەو بابەتە دڵنیات بكەنەوە، خۆت لەڕێگەی تۆڕی ئینتەرنێتەوە مەگەڕێ بۆ نیشانەكان و زانیارییەكان دەربارەی نەخۆشییەكە، چونكە زۆرجار ئەوانەی بڵاودەكرێنەوە ناڕاستن و توشی ترس و دڵەڕاوكێت دەكەن.

7-     ئەگەر ئەو خاڵانەی پێشوو نەبووە هۆی كەمكردنەوەی بێزاری و بێتاقەتیت، شانازیی بەوەوە بكە كە مانەوەت لەماڵەوە هۆكارە بۆ پاراستنی ژینگە بەو پێیەی ئۆتۆمبێل لێناخوڕیت و بڕێكی كەمتر پاشماوەت دەبێت و كەلوپەل كەمتر بەكاردەبەیت.

1417 جار خوێندراوەتەوە