سوپای پاسداران ئەرکی جێبەجێکردنی پلانی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی پێسپێردرا و لە عێراقیش پرسەی بۆ دەگێڕدرێت
سەرۆکی شارەوانیی تاران رایگەیاند، جێبەجێکردنی پلانی رێوڕەسمی بەخاکسپاردن و پرسەگێڕانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، لە ئەستۆی سوپای پاسداران دەبێت و ماتەمگێڕانیش جگە لە چەند شارێکی ئێران، لە عێراقیش بەڕێوەدەچێت
عەلیڕەزا زاکانی، سەرۆکی شارەوانیی تاران رایگەیاند: "لە ماتەمگێڕانی مانگی موحەڕەمی ئەمساڵدا، رێوڕەسمی ماڵئاوایی و پرسە و بەخاکسپاردنی رێبەری پێشوو دەبین و پێشبینی دەکەین نزیکەی 20 ملیۆن کەس لە رێوڕەسمەکەدا بەشداربن و لە عێراقیش پرسەی بۆ دەگێڕن
بە گوێرەی ئەو پلانانەی سەرۆکی شارەوانیی تاران ئاشکرای کردوون، رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە رۆژانی 3 و 4ـی تەممووزی ئەمساڵ لە مزگەوتی ئیمام خومەینی لە تاران بەڕێوەدەچێت. هاوکات رێوڕەسمی پرسەکە لە 5ی تەممووز لە تاران دەبێت و لە رۆژانی دواتریشدا لە شارەکانی قوم، مەشهەد و وڵاتی عێراق پرسە بۆ ماتەمگێڕان بەڕێوەدەچێت
زاکانی ئاماژەی بەوەش دا، بۆ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی پرسەکە چەند شەقامێکی سەرەکی لەوانە (داماوەند، ئینقلاب، ئازادی و بەرەو لەشکری) وەک بژاردەی سەرەکی لەبەرچاو گیراون، کە دوای پێداچوونەوەی ورد بە پێداویستییەکان و توانای لەخۆگرتنی بەشداربووان، بڕیاری کۆتاییان لەسەر دەدرێت
جەختیشی کردەوە کە پلانی تایبەت بۆ شەقامە لاوەکییەکانیش دادەنرێت لە پێناو کەمکردنەوەی قەرەباڵغی، دابینکردنی خزمەتگوزاری، ئاسانکاریی جووڵە و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی ئامادەبووان
سەبارەت بە دابەشکاریی بەرپرسیارێتییەکان، سەرۆکی شارەوانیی تاران روونیکردەوە کە بەرپرسیارێتیی هەماهەنگیی گشتیی رێوڕەسمەکان لە ئەستۆی حکومەت و جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێراندا دەبێت، لە کاتێکدا سوپای پاسداران ئەرکی جێبەجێکردن و رێکخستنی بەرنامەکانی پێسپێردراوە؛ وەزارەتی ناوخۆ، شارەوانییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش هاوکار دەبن لە راپەڕاندنی پلانەکاندا
80 جار خوێندراوەتەوە