ئەنجومەنی وەزیران چەند بڕیارێکی تایبەت بە مووچەی خانەنشینان و ساغکردنەوەی گەنمی جوتیاران دەرکرد

KNN : Kurdish News Network
04:39 - 17/06/2026
کوردستان
+
-

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی تایبەت بە خێراکردنی مامەڵەی مووچەی خانەنشینان، ساغکردنەوەی گەنمی جوتیاران، خانەنشینیی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و مسۆگەرکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی حاکیمە دەرکرد

 

ئەمڕۆ چوارشەممە (17ی 6ی 2026)، ئەنجومەنی وەزیران کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە خێراکردنی رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان کرایەوە بۆ دابینکردنی مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی نوێ خانەنشین بوون و تا ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە، ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی بۆ ئەوەی لە رۆژی شایستەبوونیانەوە مووچەکانیان پێبدرێت

 

لە تەوەرێکی دیکەدا، پرسی وەرگرتنەوەی گەنمی جوتیارانی هەرێم لەلایەن بەغداوە تاوتوێ کرا. پاش خستنەڕووی راپۆرتی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، بڕیاردرا بەردەوامی بدرێت بە هەماهەنگییەکان لەگەڵ بەغدا بۆ لابردنی ئاستەنگەکان

 

 

هاوکات، وەزارەتەکانی کشتوکاڵ، بازرگانی و دەستەی وەبەرهێنان راسپێردران میکانیزمێکی گونجاو بۆ ساغکردنەوە و بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران دابنێن، و جەختیش لەوە کرایەوە کە پێویستە بەغدا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان مامەڵە لەگەڵ پێداویستییەکانی هەرێم بکات

 

سەبارەت بە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەکی تایبەت لە سەرۆکایەتیی دیوان، سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران و هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و دارایی پێکبهێنێت، ئەمەش بەمەبەستی دانانی رێکار و میکانیزمی پێویست بۆ جێبەجێکردنی مافی خانەنشینیی ئەو ئەندامانەی مەرجی یاسایی تەمەن و ماوەی خزمەتیان تێدایە

 

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، پرسی خەرجییەکانی بودجەی حاکیمە کە تایبەتە بە پسوڵەی خۆراک، دەرمان، پشتیوانیی وزە، کارەبا و چەند سێکتەرێکی دیکە تاوتوێ کرا. ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی راسپارد راپۆرتێکی وردی پشتبەستوو بە داتا و دەستوور ئامادە بکەن، بۆ جێگیرکردن و وەرگرتنی ماف و شایستە داراییەکانی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە خەرجییە حاکیمەکانی حکومەتی فیدراڵ

 

 

94 جار خوێندراوەتەوە