لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 94 كەسی دیكە بە ڤایرۆسی كۆرۆنا مردن، هاوكات هەزار و 683 كەسی دیكەش تووش بوون.
كۆمسیۆنی نیشتمانی تەندروستی چین بڵاویكردەوە، لە ماوەی 24 كاتژمێری رۆژی سێ شەممەدا 94 حاڵەتی نوێی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی هوبی چەقی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە ناوەراستی چین تۆماركراوە، بەوەش ژمارەی كۆی بۆ هەزار و 110 كەس لە چین بەرزبووەتەوە، لەسەر ئاستی جیهانیش گەیشتووەتە هەزار و 115 كەس.
كۆمسیۆنی تەندروستی چین ئاشكراشیكردوە، رۆژی سێ شەممە هەزار و 683 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆماركراوە، بەوەش ژمارەی كۆی تووشبووان گەیشتووەتە 44 هەزار و 200 كەس.
هاوكات حكومەتی چین رۆژی سێ شەممە دوو بەرپرسی باڵای تەندروستی لە هەرێمی هوبی كە شاری ووهان ناوەندەكەیەتی، لەسەر كارەكانیان دوورخستەوە، بەهۆی ئەوەی كە وەكو پێویست نەتوانراوە رێگری لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا بگیرێت بە تایبەت لە دوای مردنی ئەو پزیشكە تەمەن 34 ساڵەی كە بۆ یەكەمجار ئاماژەی بە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا كرد، بەڵام پۆلیسی چین لە هەرێمی هوبی تۆمەتی بڵاوكردنەوەی دەنگۆ و زانیاری نا راستیان خستەپاڵ.
لەلایەكی تریشەوە وەزیری تەندروستی ژاپۆن بڵاویكردەوە، دوتە نووشبوونی 39 كەسی دیكە لەسەر كەشتی دایمۆند پرینسس، ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا لەسەر كەشتییە گەیشتووەتە 174 كەس، ئەوەش بە دووەم ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا لە دوای وڵاتی چین دادەنرێت.
798 جار خوێندراوەتەوە